ئاشتی هەورامی: ئەو داهاتەی لەرۆسنەفت دەستمان دەکەوێت سود بەخەڵكی كوردستان دەگەیەنێت


وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ”رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە كۆمپانیای رۆسنەفت، پەرەپێدانی كەرتی گازی سرووشتی ئێمە خێراتر دەكات و گازی پێویست بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ و هەناردەكردنی دابین دەكات، داهاتەکەشی سود بەخەڵكی كوردستان دەگەیەنێت”.

ئەمڕۆ سێ شەممە، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەنرداوێكدا كەلەماڵەپەڕی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا بڵاوكراوەتەوە، ڕایگەیاند “رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە كۆمپانیای رۆسنەفت، پەرەپێدانی كەرتی گازی سرووشتی ئێمە خێراتر دەكات و گازی پێویست بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ و هەناردەكردنی دابین دەكات و ئەمەش سەرچاوەیەكی نوێی داهات درووست دەكات كە خزمەت بە هەمەچەشن كردنی ئابوورییەكەمان دەكات”.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد, ئەو ڕێكەوتنە یارمەتی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە تازە رزگاربووەكانی دەستی داعش دەدات و خالێكی گرینگی دیكە ئەوەیە ئەم بۆرییە بەخێرایی دروست دەكرێت و ئەوەش دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی گواستنەوەی گاز بۆ بازاری توركیا و یەكێتی ئەوروپا خێراتر بەرەو پێشەوە بڕوات و ئەو داهاتەی كە لەو رێگەیەوە بەدەست دێت سوود بە خەڵكی كوردستان دەگەیەنێت”.

چەند ڕۆژێك پێش ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای رۆسنەفت لەسەر هەناردەكردنی گازی سروشتی هەرێمی كوردستان واژۆكرد كەتێیدا كۆمپانیای رۆسنەفت هەڵدەسێت بە دامەزراندنی بۆڕییەكە بەپێی سیستەمی BOOT ( واتا درووستكردن، خاوەندارییەتی كردن، بەكارخستن و گواستنەوە) و بۆرییەكە تا ساڵی 2019 بەمەبەستی بەكارهێنان و دابینكردنی ناوخۆ تەواو دەبێت و هەناردەكردنی گازیش لە ساڵی 2020 دەستپێدەكات.