ئاو و ئاوەڕۆی سلێمانی دەدرێتە کەرتی تایبەت


بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان بە نیازە کارەکانی بەڕێوەچوونی خۆی بداتە چەند کۆمپانیایەک و بەرپرسێکی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش پێیوایە بەھۆی ئەو پلانەوە کێشە و گیروگرفتەکانیان چارەسەر دەبن.

سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی، ڕاگەیاند “لە ئێستا ئەو کارە پلانی بۆ دانراوە و پێشنیار و بیرۆکەی گونجاوی بۆ وەرگیراوەو بڕیارە تا ساڵێکی تر کارەکان تەواو ببن کە ناوەڕۆکەکەی بریتیە لەپێدانی کەرتی ئاوو ئاوەڕۆ لە ھەر پارێزگایەک بە کۆمپانیایەکی تایبەتمەند بەو بوارە”.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی، ئەوەشی خستە روو کە کۆمپانیاکە ئەنجومەنی کارگێری دەبێت و بنکەکانیان لە ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دەبێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆوە سەرپەرشتی دەکرێن و تەواوی داھاتەکەی بۆ خۆی دەگڕێتەوەو دواتر لە چارەسەرکردن و پێشخستنی کەرتەکە خەرجی دەکاتەوە.

ئاشکراشی کرد کە لە کاتی بوونی کەموکورتی لە بواری ئاو و ئاوەڕۆدا، کۆمپانیاکان لەلایەن لایەنی پەیوەنداری حکوومییەوە بانگھێشت دەکرێن و ماوەیان بۆ دادەنرێت کە چارەسەری بکەن، بە پێچەوانەوە گرێبەستیان نوێ ناکرێتەوە و کارەکە دەدرێتە کۆمپانیایەکی دیکە کە ئەوەش دەرفەتێکی باشە بۆ نەھێشتنی ئەو کەموکورتییانەی ئاو و ئاوەڕۆ کە ھاووڵاتییانی شارو شارۆچکەکان ھەیانە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی، وتیشی: “جێبەجێکردنی ئەو پلانە وێرای چارەسەرکردن و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکە بۆ ھاووڵاتیان، کاریگەریەکی باشی دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی پیسی ئاوی خواردنەوەو تێکەڵبوونی بە ئاوی ئاوەڕۆکان”.