شێخ قادر ئەمین ئیسماعیل، بازرگانی ناسراوی شاری سلێمانیو خاوەنی کۆمپانیای بلەسەن لەم کفتۆگۆیەی لەگەڵ سایتی بازرگانی و پیشەسازیدا رایدەگەیەنێت ”کارگە ناوخۆیەکان نەیانتوانیوە وەک پێوست سەرکەوتووبن لەبەر ئەوەی خەڵکی کوردستان بزانێت کاڵایەک لەناوخۆدا بەرهەمهاتوە نایکڕیت بەڵکو حەز دەکەن ئەو شتەی دەیکڕن لەولاتێکی ترەوە دروستکرا بێت”.
بازرگانیو پیشەسازی: لەئێستا ڕەوشی ئابوریو بازاڕ بەراورد بەدو ساڵی رابردو چۆنە؟
شێخ قادر: لەئیستادا ڕەوشی بازاڕ لەکوردستان لەوپەڕی خراپیدایە بەجۆرێک فرۆشمان لەسەدا حەفتا دەبەزیوە نەک ئیشی ئێمە تانەت بازرگانانی بواری خۆراکیش کەپەیەوەندی بەژیانی خەڵکەوە هەیە فرۆشیان زۆر کەمبوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە خەڵک پارەی پێ نیە و وەک پێوسیت شت ناکرێت.
بازرگانیو پیشەسازی: بەرهەمەکانتان لە چ وڵاتێکەوە هاوردەی کوردستان دەکەن؟
شێخ قادر: ئێمە لەئەوروپا و تورکیا و زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە بابەتی پاککەرەوە هاوردەکەین بەڵام ئێستا زیاتر لەوڵاتی ئێرانەوە بەرهەمەکانمان هاوردە دەکەین لەبەر ئەوەی کوالێتی بەرزە و نرخەکەشی گونجاوە.
بازرگانیو پیشەسازی: لەئێستادا هیچ کارگەیەکی بەرهەمهێنەری بابەتی پاککەرەوە لە کوردستان هەیە؟
شێخ قادر: بەڵێ زیاتر لە نۆ کارگەی بابەتی پاککەرەوە تەنها لەسنوری شاری سلیمانی هەیە رۆژانە بەڕێژەیەکی زۆر بابەتی پاککەرەوە بەرهەمدەهێنن.
بازرگانیو پیشەسازی: هۆکار چیە ئێوە لەگەڵ کارگە ناوخۆیەکاندا کارناکەن؟
شێخ قادر: کارگە ناوخۆیەکان نەیانتوانیوە وەک پێوست سەرکەوتوو بن لەبەر ئەوەی خەڵکی کوردستان بزانێت کاڵایەک لەناوخۆدا بەرهەمهاتوە نایکڕیت بەڵکو حەز دەکەن ئەو شتەی دەیکڕن لەولاتێکی ترەوە دروستکرا بێت.
بازرگانیو پیشەسازی: بۆچی خەڵک خواستی لەسەر بەرهەمی ناوخۆی نیە؟
شێخ قادر: لەبەر ئەوەی بەداخەوە حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە لەڕێگەی میدیاکانەوە خەڵکی ئێمە هۆشیار بکاتەوە، بەڕاستی ئەرکی وەزارەتی بازرگانی و پێشەسازی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیر و لاوانە کە بە بەردەوامی لەرێگەی ریکلامەی تایبەتەوە هانی خەڵک بدەن بۆ کڕینی بەرهەمی ناوخۆ، لەهەموو وڵاتانی جیهان حکومەت لەرێگەی ریکلام پۆستەری تایبەتەوە هانی خەلک دەدا بەرهەمی ناوخۆ بپاریزن.
بازرگانیو پیشەسازی: پێتوایە هاوردەکردن قازانجی بازرگانی زیاترە لەدروستکردنی کارگە لەناوخۆدا؟
شێخ قادر: زۆرێک لە هاورێیان و دۆستانم کارگەی بابەتی پاکەرەوەیان داناوە بەڵام نەیانتوانیەوە سەرکەوتو بن لەئێستادا کەحکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ گرنگی ئەو تۆ بە بەرهەمی ناوخۆ نادەن بەڵی هاوردەکردن قازانجی زیاترە ئێمەش ئەم دۆخەمان پێناخۆشە بەڵام ناچارین کاڵاکان هاوردەبکەین لەبری ئەوەی کارگە دروستبکەین.
بازرگانیو پیشەسازی: ڕێگریەکانی بەردەم کاری بازرگانی چیە؟
شێخ قادر: ئێمە زیاتر گرفتەکانمان لەخاڵە سنوریەکانە کەهیچ کار ئاسانیەکمان بۆ ناکەن رۆژ بەرۆژ باج و گومرکی جۆراوجۆر بەناوی جیاوازە زیاد دەکەن لەسەر بازرگانان، لەروێ هاتوچۆشەوە زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەخاڵە سونریەکان کاردەکەن قۆرخکراوە، رێگە نادەن بەئۆتۆمبێلی خۆمان کاڵاکانمان لەوڵاتانەوە هاوردەبکەین دو قات سێ قات پارەی گواستنەوە دەدەین، هەموو ئەمانەش لەزیانی هاوڵاتیانە چونکە بابەتەکان بەنرخێکی گرانتر دەگاتە دەستیان.
بازرگانیو پیشەسازی: ئێوە تاچەند لەکارەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی رازین؟
شێخ قادر: ژووری بارزگانی و پیشەسازی سلێمانی هەمیشە هەوڵیداوە کێشەو گرفتەکانی بازرگانان چارەسەر بکات و کەرتی تایبەت بەهێز بکات، بەڵام هەست دەکەین قەیرانی دارایی سەرجەم کارە بازرگانیو پیشەسازیەکانی لاوازکردوە ئەمەش لەسەروی دەسەڵاتی ژووری بازرگانیەوەیە داواکارین لەحکومەت یارمەتی و کارئاسانی زیاتر بۆ بازرگانان بکات بەهاوکاری و راوێژ لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکاندا کەرتی تایبەت بەهێز و ئەکتیفتر بکات.