كاره‌بای سلێمانی رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

له‌باره‌ی هۆكاری‌ نه‌كوژانه‌وه‌ی‌ كاره‌بای‌ تایبه‌ت به‌رووناككردنه‌وه‌ی‌ سه‌ر شه‌قام و گه‌ڕه‌كه‌كان به‌ڕۆژ، به‌رێوه‌به‌ری‌ دابه‌شكردنی‌ كاره‌بای سلێمانی‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و هۆكاره‌كه‌ ئاشكرا ه‌كات.

 هیواعه‌بدوڵلاَ به‌رێوه‌به‌ری‌ دابه‌شكردنی‌ كاره‌بای‌ سلێمانی‌ رایگه‌یاند: هۆكاری‌ نه‌كوژانه‌وه‌ی‌ كاره‌بای‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌هۆی له‌كاركه‌وتنی‌ فۆتۆسێلی‌ تایبه‌ت به‌و ستونانه‌ی‌ كاره‌بایه‌ كه‌ بۆ رووناككردنه‌وه‌ی‌ شه‌قام و گه‌ڕه‌كه‌كان دانراون، قه‌یرانی‌ داراییش بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌توانرێت فۆتۆسێل  بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ دابین بكرێت.

به‌رێوه‌به‌ری‌ دابه‌شكردنی‌ كاره‌بای‌ سلێمانی‌ وتیشی: وه‌ك به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ كاره‌بای‌ سلێمانی‌ ئاگاداری ئه‌و حاڵه‌ته‌ین و هه‌وڵمانداوه‌ بۆچاره‌سه‌ركردنی، كه‌ بڕه‌ كاره‌بایه‌كی‌ زۆر به‌و هۆیه‌وه‌ به‌فیرۆده‌چێت، به‌لاَم قه‌یرانی‌ دارایی ڕێگربووه‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و گرفته‌ و نه‌توانراوه‌ فۆتۆ سێل بۆ گه‌ڕه‌ك و شه‌قامه‌كان دابنرێت، تاوه‌كو ئه‌و كاره‌بایه‌ی‌ كه‌ بۆ رووناككردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ به‌كارده‌هێنرێت له‌رۆژدا بكوژێندرێته‌وه.

هیواعه‌بدوڵلاَ بۆ میدیایه‌كی نزیك له‌ یه‌كێتی ده‌ڵێت:‌ له‌ئێستادا  له‌هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و گرفته‌دان تابتوانرێت فۆتۆ سێل بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ دابین بكرێت كه‌ گرفتیان هه‌یه‌ و له‌رۆژدا ئه‌و كاره‌بایه‌ به‌فیرۆنه‌چێت