حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ کۆمپانیای (رۆسنەفت)ی رووسی واژۆ کردووە بۆ دامەزراندنی ھێڵێکی گواستنەوەی گازی سروشتی و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە.
بە پێی سەرچاوەکانی ئاژانسی ھەواڵی (ڕۆیتەرز)، کاری ڕاکێشانی بۆڕییە نوێیەکە بۆ تورکیا لە ساڵی 2019 کۆتایی دێت و ھەناردەکردنی گازی سروشتیی ھەرێمی کوردستانیش لە 2020 دەست پێ دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی ھەمان سەرچاوە، قەبارەی ئەم وەبەرھێنانە نوێیەی (ڕۆسنەفت) زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکییە.
ئەمە بە یەکەم کاری وەبەرھێنانی قەبارە گەورە دادەنرێت لە کەرتی گازی سروشتی لە ھەرێمی کوردستان. پێشتر چەندین شارەزا لە بواری وزە ڕایانگەیاندووە، کە ھەرێمی کوردستان جگە لە نەوت، دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی دەتوانێ لە داھاتوو ڕۆڵێکی بەرچاو لە بازاڕی وزەی جیھانیدا بگێڕێت.
چاوەڕێ دەکرێت ئەم ھێڵەی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان ساڵانە 30 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی ھەناردەی بەندەرەکانی تورکیا بکات.