ساڵانه‌ 20 هه‌زار ئۆتۆمبێل ده‌هێنرێتە کوردستانەوە “پشكنینی جۆریی بۆ ئۆتـۆمبێل ده‌كرێت”

هاتوچۆی‌ هه‌رێم به‌نیازه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كامێرای‌ تایبه‌ت به‌چاودێریكردنی خێرایی ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان دابنێت، به‌مه‌به‌ستی‌ كه‌م كردنه‌وه‌ی‌ تیژڕه‌وی‌ له‌لایه‌ن شۆفێرانه‌وه‌. هاوكات به‌پێی وته‌ی سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ كۆنترۆڵی‌ جۆری‌‌و پێوانه‌سازیی‌ هه‌رێم، به‌نیازن له‌مساڵدا كۆنترۆڵی جۆریی بۆ ئۆتۆمبێل له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كاندا دابنێن.
ژماره‌ی
 كامێراكانی چاودێری زیاد ده‌كرێن
لیوا رزگار عه‌لی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ هاتوچۆی‌ هه‌رێم به‌كوردستانی‌ نوێ‌-ی‌ راگه‌یاندوە، له‌ئێستادا ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ كامێرای‌ چاودێرییان پێگه‌یشتووه‌‌و به‌م نزیكانه‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌دانانیان له‌سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كاندا، به‌شێوه‌یه‌ك ژماره‌ی ئه‌و كامێرانه‌ی‌ كه‌به‌ده‌ستیان گه‌یشتوون، زیاترن له‌و كامێرانه‌ی‌ ئێستا له‌كاردان.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ هاتوچۆی‌ هه‌رێم وتی‌:»ئامانجمان له‌زیادكردنی ژماره‌ی كامێراكانی چاودێریی تیژڕه‌وی ئۆتۆمبێله‌كان، كۆنترۆڵ كردنی‌ خێرایی‌ شۆفێرانه‌، چونكه‌ تائێستا زۆربه‌ی‌ رووداوه‌كانی‌ هاتوچۆ به‌هۆی‌ خێرایییه‌وه‌ رووده‌ده‌ن، پێشمانوایه‌ زیادكردنی ژماره‌ی كامێرا له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، شۆفێران ناچار ده‌كات كه‌پابه‌ندبن به‌خێراییه‌ رێگه‌پێدراوه‌كان‌و دواتر كه‌مبوونه‌وه‌ی رووداوه‌كانی هاتوچۆ».
هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ هه‌رێم
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌و به‌پێی ئاماره‌كانی هاتوچۆی‌ هه‌رێم، ساڵانه‌ نزیكه‌ی‌ 20 هه‌زار ئۆتۆمبێل ده‌هێنرێته‌ هه‌رێمی كوردستانەوە، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر له‌شه‌قامی‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم دروست ببێت.
له‌وچوارچێوه‌یه‌دا لیوا رزگار عه‌لی‌ ئاشكرایكرد، له‌ئێستادا ساڵانه‌ نزیكه‌ی‌ 20 هه‌زار ئۆتۆمبێل ده‌هێنرێته‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، به‌سه‌رجه‌م ناوچه‌و خاڵه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌، به‌جۆرێك له‌هه‌فته‌یه‌كدا كه‌پێنج رۆژی ده‌وامی‌ فه‌رمییه‌، نزیكه‌ی 400 ئۆتۆمبێل هاورده‌ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا‌و به‌گوێره‌ی‌ شاره‌كان، هێنانی‌ ئۆتۆمبێل جیاوازی‌ هه‌یه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ هاتوچۆی‌ هه‌رێم وتیشی‌:»به‌رده‌وام هێنانی‌ ئۆتۆمبێل بۆ هه‌رێم روو له‌زیادبوونه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت پلانی‌ تایبه‌تی‌ له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كاندا هه‌بێت، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی‌ دانان‌و چالاك كردنی كۆنترۆڵی‌ جۆری‌، بۆئه‌وه‌ی رێگه‌ له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ بگیرێت كه‌مه‌رجی‌ توندوتۆڵیان تێدا نییه‌».
مه‌رجی توندوتۆڵیی ئۆتۆمبێل
له‌ئێستادا ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی‌ كه‌ده‌هێنرێنه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پشكنینیان بۆ ناكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌مساڵ ده‌سته‌ی‌ كۆنترۆڵ‌و پێوانه‌سازیی‌ هه‌رێم ئاماده‌كاری‌ ده‌كات، تاپشكنین بۆ ئۆتۆمبێلی‌ هاورده‌ ئه‌نجام بدرێت.
موئه‌یه‌د عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ كۆنترۆڵی‌ جۆری‌‌و پێوانه‌سازیی‌ هه‌رێم رایگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی‌ هاتنی‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ باش بۆ ناوه‌وه‌ی‌ هه‌رێم، كه‌كاریگه‌ری‌ نه‌بێت له‌سه‌ر ژینگه‌ی‌ هه‌رێم‌و ژیان‌و سه‌لامه‌تی هاووڵاتیان، بۆ ئه‌مساڵ ده‌مانه‌وێت هاوشێوه‌ی‌ پكشنینی‌ كه‌لوپه‌ل‌و خواردن، پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلی‌ هاورده‌ بكه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌كاری‌ كراوه‌و هه‌ندێك كاری‌ سه‌ره‌تاییش ئه‌نجامدراوه‌، چونكه‌ له‌ئێستادا ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ئۆتۆمبێل هاتۆته‌ هه‌رێم كه‌زۆرێك له‌مه‌رجه‌كانی‌ توندوتۆڵی‌و ژینگه‌ییان تێدانییه‌، بۆیه‌ به‌م هه‌نگاوه‌ ده‌مانه‌وێت چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م گرفتانه‌ بكه‌ین.
پشكنین بۆ كه‌لوپه‌لی یه‌ده‌ك
سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ كۆنترۆڵی‌ جۆری‌‌و پێوانه‌سازیی‌ هه‌رێم وتیشی‌:»وه‌ك هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌م بۆ كاره‌كانمان، پشكنین بۆ كه‌لوپه‌لی یه‌ده‌كی‌ هاورده‌ی‌ ئۆتۆمبێل ده‌كه‌ین، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر مه‌رجی‌ تایبه‌تیان نه‌بێت، رێگه‌ی‌ هێنانیان پێنادرێت».
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، مه‌رجه‌كانی‌ هێنانی‌ ئۆتۆمبێلیان بۆ بازرگانان دیاری‌ كردوه‌و ئه‌وانیش ره‌زامه‌ندی خۆیان ده‌ربڕیوه‌، كه‌ده‌بێت سیستمی‌ (ئه‌ی‌.بی‌.ئێس)و برێك‌و مه‌رجه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ سه‌لامه‌تی‌ توندوتۆڵییان ته‌واو بێ‌ گرفت بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێگه‌ به‌هێنانیان نادرێت.