پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرسی پاشەكەوتی موچە كۆدەبێتەوە

بڕیارە لەم هەفتەیەدا جارێكی دیكە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوەو پرسی لابردنی پاشەكەوتی موچەو باشكردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان بخرێتە كارنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە.

تەلار لەتیف ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند “لەم هەفتەیەدا جارێكی دیكە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوەو پرسی لابردنی پاشەكەوتی موچەو باشكردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت‌و پاشانیش وەك راسپاردە، یان وەك بڕیار ئەو پرسە دەدرێتە حكومەت”.

تەلار لەتیف راشیگەیاند “لەدانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی كوردستاندا فراكسیۆنی یەكێتی داوای كردووە پرسی لابردنی پاشكەوتنی موچەی فەرمانبەران بخرێتە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانەوە، كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجامبدرێت”.

ئەو پەرلەمانتارە لەو بارەوە هەروەها رایگەیاند، كاراكردنەوەی پەرلەمان لەخزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستاندایەو ئەو داواكارییانەی پێشتر تەنیا بەوتە لەسەر لابردنی پاشكەوتی موچە دەدرایە حكومەت، لەدوای كاراكردنەوەی پەرلەمان دەتوانین بەرەسمی دەنگ لەسەر ئەو پرسە بدەین‌و فشار لەسەر حكومەت دروستبكەین، كە لابردنی پاشەكەوتی موچە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.