وەزارەتی كشتوكاڵ باج دەخاتەسەر چەند بەرهەمێكی هاوردەكراو


وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، باج لەسەر ژمارەیەك میوەی هاوردەكراو دادەنێت و بەرپرسێكی وەزارەتەكەش ڕایدەگەیەنێت، ”هەركاتێك بەرهەمی ناوخۆ پێبگات، ڕاستەوخۆ لەڕێگەی دەروازە سنووریەكانەوە باج لەسەر هاوردەی ئەو بەرهەمە دادەنێین”. 

دكتۆر خاڵس ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ڕاگەیاندوە،  بۆ زیاتر برەودان بەبەرهەمی ناوخۆی هەرێم، لە رۆژی 15ی ئەم مانگەوە تاوەكو 15ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، باج لەسەر هاوردەكردنی بەرهەمی هەنارو ترێ دادەنرێت، بەجۆرێك بۆ هەر كیلۆیەك 250 دینار باجی دەخرێتەسەر. 

وتیشی، ”لە وەرزی هاویندا زۆربەی بەروبوومە هاوردەكراوەكان باجیان دەخرێتەسەر، لەئێستاشدا بڕی 350 دینار باج لەسەر تەماتە دانراوە، هاوكات 250 دیناریش لەسەر بەرهەمی گۆشت و بەرهەمەكانی پەلەوەرو هێلكە دانراوە”. 

دكتۆر خاڵس ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، هەركاتێك بەرهەمی ناوخۆ پێ بگات و بەشی پێداویستی دانیشتوان بكات، ڕاستەوخۆ وەزارەتی كشتوكاڵ لەڕێگەی دەروازە سنووریەكانەوە باج لەسەر بەرهەمی هاوركراو دادەنێت، تا نەبێتە هۆكارێك بۆ دابەزینی نرخی بەرهەمە ناوخۆییەكان و زیانگەیاندن بەجوتیاران.