وه‌زاره‌ته‌كان بودجه‌كانیان خه‌رج ناكه‌ن ‌

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت وه‌زاره‌ته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا رووبه‌ڕووی‌ ره‌خنه‌یه‌كی‌ زۆر ببنه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ حساباتی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ رابردوو ساغده‌كرێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زۆر له‌وه‌زاره‌ته‌كان به‌هه‌مان راده‌ی‌ ساڵی‌ پێشووتر بودجه‌یان خه‌رجكردووه‌، له‌كاتێكدا داوای‌ زیادكردنی‌ بودجه‌كه‌یان كردووه‌.
له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كاندا هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌و مافی‌ مرۆڤ رێژه‌یه‌كی‌ باشیان له‌بودجه‌ی‌ ته‌رخانكراوی‌ خۆیان خه‌رجكردووه‌و خراپترین وه‌زاره‌تیش كه‌شتێكی‌ ئه‌وتۆی‌ له‌بودجه‌كه‌ی‌ خه‌رج نه‌كردووه‌، وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌.
وه‌زاره‌تی‌
 ده‌ره‌وه‌ باشترین ئاستی‌ هه‌یه‌
ماجده‌ ئه‌لته‌میمی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌باره‌ی‌ ئاستیی كارایی وه‌زاره‌ته‌كان‌و كه‌موكووڕییه‌كانیانه‌وه‌ رایگه‌یاند، به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتیی ئاستی‌ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی‌ كاری‌ وه‌زاره‌ته‌كان گه‌یشتۆته‌ 38% له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كانیشدا وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌و وه‌زاره‌تی‌ مافی‌ مرۆڤ به‌رزترین ئاستیان هه‌یه‌و توانیویانه‌ 77%ی‌ كاره‌كانیان رایی بكه‌ن، به‌ڵام وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ئاستێكی‌ زۆر نزمدایه‌و ته‌نیا 4%ی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ راپه‌ڕاندووه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌رله‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ 2012 دابنرێت به‌رده‌وام داوای‌ زیادكردنی‌ بودجه‌ی‌ ته‌رخانكراوی‌ ده‌كرد.
سه‌باره‌ت به‌خه‌رجكردنی‌ بودجه‌ش به‌پێی‌ پلانی‌ وه‌به‌رهێنان‌و گه‌شه‌پێدانی‌ هه‌رێمه‌كان هه‌ردوو پارێزگای‌ ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین به‌رزترین رێژه‌یان تۆمار كردووه‌و ئاستی‌ خه‌رجكردن‌و راپه‌ڕینی‌ كاره‌كانی‌ وه‌به‌رهێنانیان گه‌یشتۆته‌ 62%.
پلاندانان رای‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌
به‌ڵام به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان، تێكڕای‌ به‌ئه‌نجام گه‌یشتنی‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی‌ 2011دا گه‌یشتۆته‌ 75%و وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتیش له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌یه‌و 97%ی‌ كاره‌كانی‌ به‌ئه‌نجام گه‌یشتوون، له‌دوای‌ ئه‌ویش وه‌زاره‌تی‌ پیشه‌سازیی‌و پاشان وه‌زاره‌تی‌ گواستنه‌وه‌و دوای‌ ئه‌ویش وه‌زاره‌ته‌كانی‌ كاره‌باو ژینگه‌و گه‌یاندن‌و ده‌ره‌وه‌ دێت. رێژه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ كاره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ به‌پێی‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ پلاندانان گه‌یشتۆته‌ 43%.
هاوكات سوهاد ئه‌لعوبێدی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان‌و بنیاتنانه‌وه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق ده‌ڵێ:»كه‌موكووڕییه‌كی‌ ئاشكرا له‌كاری‌ وه‌زاره‌ته‌كاندا به‌دیده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له‌خه‌رجكردنی‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێناندا، بودجه‌ دوو به‌شه‌، به‌شێكی‌ بودجه‌ی‌ به‌كارهێنانه‌، كه‌مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌ت ده‌گرێته‌وه‌و به‌شه‌كه‌ی‌ دیكه‌شی‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانه‌، كه‌تایبه‌ته‌ به‌پڕۆژه‌كان‌و بنیاتنانه‌وه‌و فراوانكردن، ئێستا بودجه‌ی‌ حكومه‌ت به‌شه‌كه‌ی‌ به‌كارهێنانی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان گه‌وره‌ترین كه‌مته‌رخه‌می‌ تێدا كراوه‌».
كێشه‌كه‌ ساڵانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌
نوره‌ سالم ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانیش ده‌ڵێ:»ئه‌م كێشه‌یه‌، واته‌ كێشه‌ی‌ خه‌رج نه‌كردنی‌ بودجه‌ ساڵانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ناچارمان ده‌كات له‌هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌و پلاندانان بپرسین داخۆ جیاوازی‌ له‌نێوان پلاندانان‌و جێبه‌جێكردنه‌كه‌یدا ده‌بێ چیی بێت‌و بۆچی‌ جێبه‌جێ ناكرێت.
ئه‌م هه‌واڵانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌رافیع ئه‌لعیساوی‌ وه‌زیری‌ دارایی عیراق رایگه‌یاندووه‌، كه‌ سندوقی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ نه‌خت خۆشحاڵه‌ كه‌عیراق له‌بودجه‌ی‌ 2013ی‌ خۆیدا به‌شه‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ زیاتر كردووه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ به‌كارهێنان، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌ته‌كانیش به‌و هه‌نگاوه‌ خۆشحاڵن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ ته‌رخان ده‌كرێت بۆ وه‌به‌رهێنان‌و له‌كۆتایی ساڵدا بگه‌ڕێته‌وه‌ سوودی‌ چیی ده‌بێت؟. 
بودجه‌ی‌ 2013ی‌ عیراق 138 تریلیۆن دیناره‌و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ فرۆشتنی‌ هه‌ر به‌رمیله‌ نه‌وتێك به‌ 90 دۆلارو له‌ڕۆژێكیشدا ده‌بێ لانیكه‌م دوو ملیۆن 900 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكات، به‌ڵام وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان خۆیشی‌ دانی‌ به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ بودجه‌ی‌ 2013 له‌ئاست پێویستدا نییه‌.
وه‌زیری‌ پلاندانانیش رازیی نییه‌
عه‌لی‌ ئه‌لشوكری‌ وه‌زیری‌ پلاندانانی‌ عیراق له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان بۆ ساڵی‌ 2013 نزیكه‌ی‌ 40 ملیار دۆلار ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ئاستێكی‌ باشه‌و بودجه‌یه‌كی‌ كه‌م نییه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ئاستی‌ پێداویستییه‌كاندا نییه‌.
عه‌لی‌ ئه‌لشوكری‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌كان ره‌خنه‌ی‌ له‌ڕاده‌و ئاستی‌ كاری‌ جێبه‌جێكراوی‌ وه‌زاره‌ته‌كان بۆ ساڵی‌ 2012 هه‌یه‌و ده‌ڵێ:»ئاستی‌ كاری‌ به‌ئه‌نجام گه‌یه‌ندراوی‌ وه‌زاره‌ته‌كان باش نییه‌». 
عیراق له‌دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادییه‌وه‌ كێشه‌ی‌ جێبه‌جێ كردنی‌ له‌پلانه‌ ئابوورییه‌كانیدا هه‌یه‌و زۆر له‌وه‌زارته‌كان ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ بۆیان ته‌رخان ده‌كرێت له‌كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا بۆیان خه‌رج ناكرێت، هه‌موو ساڵێكیش ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ كه‌ده‌مێنێته‌وه‌و بۆیان خه‌رج نه‌كراوه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ دواترو هه‌وڵ ده‌درێت كورتهێنانی‌ بودجه‌ی‌ ساڵه‌كه‌ی‌ پێ پڕبكرێته‌وه‌.
سه‌رچاوه‌: دار الحیاه‌
رادیو دجله‌