ستیڤن منوچین وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، لەوانەیە ئەمەریكا بۆ گوشار خستنەسەر كۆریای باكور، هەوڵی پچڕاندنی پێوەندییە بازرگانییەكانی خۆی لەگەڵ چیندا بدات.
بەگوێرەی سپوتنیك، ئەو وەزیرەی ئەمەریكا باسی لەوە كردووە كە ئەمەریكا بازرگانی لەگەڵ هەر وڵاتێكی تر دەپچرێنێت ئەگەر لەگەڵ كۆریای باكور پێوەندی ئابووری هەبێت.
پرسیاری ئەوە لە وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا كراوە ئایا ئەو بڕیارە چینیش دەگرێتەوە، ئەو وتی هیچ وڵاتێك جیا ناكرێتەوە و ئەمە هەموو وڵاتێك دەگرێتەوە هەڵبەت بە پارێزەوە لەگەڵ ئەم پرسە هەڵسوكەوت دەكەن.
پێویستە بوترێت لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجوومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆریای باكوری سزا دا دوای ئەوەی كۆریای باكور چەكێكی تری ناوكیی تاقی كردەوە.
چین وەك وڵاتێكی زلهێزی دنیا لەگەڵ كۆریای باكوردا پێوەندی هەیە و ئەمەریكاش پێی وایە دەكرێ لە رێی چینەوە پێش بە زێدەڕۆیییەكانی كۆریای باكور بگیرێت كە هەڕەشە لە ناوچەكە و هەموو دنیا دەكات.
ئەمەریكا دواجار وتویەتی كۆریای باكور هێشتا دەرفەتی هەیە چالاكییەكانی رابگرێت.