دڵنیایی له‌ئاماده‌كاریه‌كانی فێستیڤاڵ فلم لە سلێمانی دەکرێت

چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ماوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی فێستیڤاڵێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وله‌تی‌و سه‌رۆكی فێستڤاڵیش له‌نزیكه‌وه‌ دڵنیایی له‌ئاماده‌كاریه‌كان ده‌كاته‌وه‌.
 (مه‌لابه‌ختیار) سه‌رۆكی دووه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وله‌تی سلێمانی سه‌ردانی ئاماده‌كار‌و رێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه‌ی كردوو له‌نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ستافی فیستیڤاله‌كه‌ كۆبۆوه‌‌و باسیان له‌هه‌نگاوه‌كانی ئاماده‌كاریه‌كان كرد، هاوكات گفتوگۆیان له‌سه‌ر ورده‌كاری چۆنیه‌تی میكانیزم‌و به‌رێوه‌چونی فێستیڤاڵه‌كه‌ كرد. 
لای خۆشیه‌وه‌ (فوئاد جه‌لال)، به‌رێوه‌به‌ری  فێستیڤاله‌كه‌و خاوه‌نی كۆمپانیای (مه‌ستی فیلم)، ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه‌،، ئه‌گه‌رچی سه‌رۆكی فێستیڤاڵ له‌نزیكه‌وه‌ به‌رده‌وام ئاگاداری پلان‌و كاره‌كانی فێستیڤاڵه‌‌و زۆر به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌م پرۆژه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌روانێت، به‌لام بۆ دڵنیایی‌و بینینی ئاماده‌كاریه‌كان ئه‌مرۆ له‌نزیكه‌وه‌ سه‌ردانی كردین‌و مه‌به‌ستیشی بوو  بزانێت ئه‌گه‌ر كه‌مو كورییه‌ك هه‌بێت له‌كاره‌كاندا ئه‌وا لایخۆیانه‌وه‌ هه‌ولی زیاتر بخه‌نه‌گه‌ر تا بتوانن جوانترین‌و شیاوترین فێستیڤاڵی سینه‌مایی له‌پایته‌ختی ڕۆشنبیری به‌رێوه‌به‌رن، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ ئه‌مساڵ جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌ به‌به‌راورد له‌خولی یه‌كه‌م، چونكه‌ بازنه‌ی كاره‌كانی فێستیڤاڵ فراوانتر بووه‌و له‌م خوله‌دا جیاواز له‌زیادكردنی ژماره‌ی فیلم‌و زیادكردنی به‌شداری به‌رهه‌می ولاتانی جیهان میواندارییه‌كی گه‌وره‌یان رێكخستووه‌و له‌نێویشیاندا ژماره‌یه‌ك ئه‌ستێره‌ی سینه‌مایی جیهانی به‌شداری فێستیڤاله‌كه‌ پێده‌كه‌ن.  
پێشتر له‌چاوپێكه‌وتنێكدا (فوئاد جه‌لال) بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ ئه‌وه‌ی بۆ میدیایكان رونكردبۆوه‌ كه‌ به‌رێز (مه‌لابه‌ختیار) هاوكارییه‌كی زۆری بۆپرۆژه‌كه‌ كۆكردۆته‌وه‌ له‌سه‌رمایه‌داره‌كان‌و هاوكارێكی جددی بووه‌، هه‌روه‌ك به‌هۆی بایه‌خی زۆری بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌و پشتگیریكردنی، له‌خولی یه‌كه‌مدا داوایان لێكردووه‌ ببێته‌ سه‌رۆكی بۆردی پشتیوانی فێستیڤاڵ‌و له‌م خوله‌شدا جارێكی دیكه‌ له‌سه‌ر داوای ئه‌ندامانی بۆردی خولی دووه‌می فیستیڤاڵ داوایان لێكردووه‌ كه‌ ببێته‌ سه‌رۆكی فێستیڤاڵه‌كه‌و ئه‌ویش په‌سه‌ندی كردووه‌. 
له‌پایته‌ختی ڕۆشنبیری له‌ژێر دروشمی (كلتورێك بۆ پێكه‌وه‌ ژیان) بڕیاره‌ رۆژی 1-10-2017 دووه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی به‌به‌شداری سه‌دان هونه‌رمه‌ندو سینه‌ماكاری جیهانی‌و ناوخۆیی نوێنه‌ری زۆربه‌ی وڵاتان ده‌ستپێده‌كات‌و ماوه‌ی حه‌وت رۆژیش ده‌خایه‌نێت، كه‌ جیاواز له‌نمایشی فیلمه‌كان چه‌ندین ۆورك شۆپ‌و سیمینارو چالاكی جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌درێت.