23 کارگەی بەرهەمهێنانی پاککەرەوە لەهەرێمی کوردستان دامەزراون


بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی زیاتری بەرهەمی ناوخۆ، وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ مۆڵەتی بە دامەزراندنی 20 کارگەی بەرهەمەکانی پاککردنەوە داوە. ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەرهەمە پاککەرەوە خۆماڵییەکان کێبڕکێی بەرهەمەکانی تورکیا، ئێران و ئوردن دەکەن، بەهۆی هەرزانی نرخیشیانەوە، بەرهەمە خۆماڵیەکان فرۆشیان زیاترە.

لە هەرێمی کوردستان کارگەکانی بەرهەمی پاککەرەوە پێشکەوتنی بەرچاویان تۆمارکردووە، بەجۆرێک جگە لە دابینکردنی پێویستی ناوخۆ، توانیویانە زیاتر لە 60%ی بەرهەمەکانیان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق هەناردە بکەن.

نەجمەدین عەلی، خاوەنی کارگەی پاککەرەوە لە هەولێر دەڵێت “بەرهەمەکانمان لە 200% زیادیکردووە، زیاتر لە 25 جۆر بەرهەمم هەیە کە 65 رەنگ و بۆنی جیاوازە لە شلەمەنی و وشکە”.

بە مەبەستی کێبڕکێ و باشترکردنی کوالێتی بەرهەمەکانیان، وەزارەتی بازرگانی تەنیا ئەمساڵ مۆڵەتی داوەتە 20 کارگەی دیکە، بەڵام هێشتا ئەو کارگانە نەکەووتوونەتە کار. وەزارەت پێشبینی دەکات، کارگەی زیاتر دەست بە کارکردن بکەن.

مستەفا زوبێر، بەڕێوەبەری هونەری بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازی وەزارەتی پیشەسازی دەڵێت “زیاتر لە نیوەی کارگەکان کاردەکەن ،ژمارەکانیش دەگۆڕێن بۆیە ئێمە پێشبینی دەکەین تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە کارگەی زیاتریش بکەونە کار”.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی 23 کارگەی بەرهەمهێنانی پاککەرەوە لە هەرێمی کوردستان دامەزراون، بەجۆرێک لە هەولێر 12، سلێمانی حەوت و دهۆک چوار کارگە.