له‌مه‌راسیمێكدا له‌به‌رده‌ركی سه‌رای شاری سلێمانی، په‌رده‌ی له‌سه‌ر په‌یكه‌ری كه‌سایاتی شاری سلێمانی، شه‌هید عه‌بدول محێدین مه‌لا ئیبراهیم ناسراو به “عه‌وله سیس” لادرا.
پاش نیوه‌رۆی ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه، له‌مه‌راسیمێكدا په‌رده له‌سه‌ر په‌یكه‌ری شه‌هید “عه‌وله سیس” لادرا كه ناوبراو له‌ساڵی 1930 له‌خۆپیشاندانێكدا شه‌هید كرا.
په‌یكه‌ره‌ی “عه‌وله سیس” له‌لایه‌ن په‌یكه‌رساز چێنه‌ر نزاراوه دروستكراوه.
له6ی ئه‌یلولی ساڵی 1930، كۆمه‌ڵێك له‌دانیشتوانی شاری سلێمانی به‌مه‌به‌ستی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵنه‌بژاردنی نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی سلێمانی بۆ په‌رله‌مانی عێراق‌و پشتگوێ خستنی مافه ڕه‌واكانی گه‌لی كورد له‌په‌یمانی (عێراق- به‌ریتانیا)دا، له‌به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی ده‌ستیانكرد به‌خۆپیشاندان‌و هوتافكیشان دژی حكومه‌تی پاشایه‌تی عێراق‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئینگلیز.
له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی عێراق‌و سه‌ربازانی ئینگلیزه‌وه به‌ده‌ستڕێژی گولـله وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ران درایه‌وه‌و له‌ئه‌نجامی ئه‌و كاره‌ساته‌دا نزیكه‌ی 45 هاوڵاتی شه‌هیدو 195 كه‌سی تریش برینداربون، هه‌روه‌ها سه‌دان كه‌سیش ده‌ستگیر كران. ئه‌م ڕۆژه له‌مێژوی گه‌لی كورددا به‌ڕۆژی ڕه‌شی 6ی ئه‌یلول ناسراوه.
“عه‌وله سیس” یه‌کێک بووه له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌و به‌چه‌قۆ ئه‌و سه‌ربازه ئینگلیزه‌ی کوشتووه كه ده‌ستڕیژی گوله‌ی له‌خۆپیشانده‌ران كردووه، دواتر سه‌ربازه‌كان ته‌قه‌یان له‌عه‌وله سیس کردووه‌و برینداربووه‌و پاشان هه‌ر له‌خۆپیشاندانه‌که‌دا شه‌هید بووه.