ئه‌پڵ iPhone X و iPhone 8ی ناساند


كۆمپانیای گه‌وره‌ی ته‌كنه‌لۆجی ئه‌مریكی ئه‌پڵ له‌ ناوه‌ندی نوێی ئیداری كۆمپانیاكه‌ی له‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیا ئه‌پڵ پارك كه‌ به‌ بەهای پێنج ملیار دۆلار دروستكراوه‌، زانیاری سه‌باره‌ت به‌ ته‌له‌فۆنه‌ ژیره‌ نوێیەكانی خسته‌ڕوو.

دوای تێپه‌ڕبوونی 10 ساڵ به‌سه‌ر خستنه‌بازاڕی یه‌كه‌م مۆدێلی ئایفۆن له‌ حوزه‌یرانی 2007دا، ئه‌پڵ iPhone Xی به‌ ئایفۆن 10 ناونا.

له‌ كاتی پێشكه‌شكردنه‌كه‌دا ئه‌پڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مجار دیزاینێكی نوێی له‌ مۆدێلی ته‌له‌فۆندا داهێناوه‌ و، iPhone X خاوه‌نی شاشه‌یه‌كه‌ كه‌ 5.8 ئینج (14،7 سم)ه‌، رووه‌كه‌ی هه‌مووی له‌ كه‌ناره‌وه‌ بۆ كه‌نار (edge-to-edge) شاشه‌یه‌.

له‌ iPhone Xدا، دوگمه‌ی سه‌ره‌كی سه‌ر شاشه‌ی پێشه‌وه‌ هه‌ڵگیراوه‌ و، ده‌توانرێت به‌ یه‌ك ده‌ستلێدان له‌ نێوان جێبه‌جێكردن و مێنوی سه‌ره‌كیدا كاربكرێت، شاشه‌ 5،8 ئینجییه‌كه‌ی خاوه‌نی ته‌كنه‌لۆجیای “super retina display و OLED” ه‌.

له‌ پێشكه‌شكردنه‌كه‌دا، باس له‌وه‌ كرا iPhone X كه‌ خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی Face IDه‌ له‌ سایه‌ی ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیا ئه‌منیه‌دا توانای ناسینه‌وه‌ی رووخسار، فێربوون، گونجاندن و كاركردن له‌ تاریكیدا هه‌یه‌.

له‌ كاتێكدا جه‌ختده‌كرێته‌وه‌ Face ID له‌ چاو Touch IDی مۆدێله‌كانی دیكه‌ی ئایفۆندا 20 هه‌نده‌ پارێزراوتره‌، له‌گه‌ڵ Apple Pay و ئه‌پڵیكه‌یشنه‌ هاوشێوه‌كانیشدا كارده‌كات.

هاوكات پاتریی iPhone X له‌ چاو ئایفۆن حه‌وتدا دوو كاتژمێر زیاتر خۆیده‌گرێت و له‌ رێگه‌ی وایه‌رلێسیشه‌وه‌ بارگاوی ده‌كرێته‌وه‌ و خاوه‌نی جووته‌ كامێرایه‌ به‌ كوالیتیی 12 مێگاپیكسڵ.

به‌شی پێشه‌وه‌ی iPhone X شینی ئاسمانی یان خۆڵه‌مێشییه‌ و بڕیاره‌ رۆژی سێی تشرینی دووه‌م له‌ ئه‌مریكا بخرێته‌ بازاڕه‌وه‌ و نرخه‌كه‌ی 999 دۆلاره‌.

هاوكات ئه‌پڵ به‌رهه‌مه‌كانی ئایفۆن هه‌شت و ئایفۆن هه‌شت پڵه‌سیشی ناساند.

ئایفۆن هه‌شت خاوه‌نی شاشه‌یه‌كی 5،5 ئینجییه‌ و ئایفۆن هه‌شت پڵه‌س خاوه‌نی شاشه‌یه‌كی 4،7 ئینجییه‌ كه‌ هه‌ردووكیان له‌ رێگه‌ی وایه‌رلێسه‌وه‌ بارگاوی ده‌كرێنه‌وه‌.

هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌كه‌ خاوه‌نی كامێرای پشته‌وه‌ن به‌ كوالیتیی 12 مێگاپیكسڵ.

بڕیاره‌ 22ی ئه‌یلوول هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌كه‌ بخرێنه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌ و له‌ ئه‌مریكا نرخی ئایفۆن هه‌شت 699 دۆلار و ئایفۆن هه‌شت پڵه‌س 799 دۆلار ده‌بێت.

ئه‌م دوو به‌رهه‌مه‌ به‌ ره‌نگه‌كانی گۆڵد، خۆڵه‌مێشی و شینی ئاسمانی به‌رده‌ست ده‌بن.

هەریەک لە iPhone X، iPhone 8، iPhone 8 Plus، Apple Watch 3 لە رێگەی وایەرلێسەوە بارگاوی دەکرێنەوە.

ئاماژە بەوە دەکرێت کە فرۆشتنی Apple Watch لەسەدا ٥٠ زیادی کردووە لەچاو ساڵی رابردوودا.

Watch 3′ کە بڕیارە لە ٢٢ی ئەیلوولدا بکەوێتە بەردەستی کڕیاران لە ئەمریکا بە ٣٢٩ دۆلار دەفرۆشرێت.