د.یوسف گۆڕان: نابێت تەنها پشت بە سەرچاوەی سروشتی ببەستین

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕیادەگەیەنێت: ئابوری هەرێم لەقەیرانێكی گەورەدایە و نابێت تەنها پشت بە سەرچاوەی سروشتی ببەستین و دەبێت كەرتی كشتوكاڵ ببوژێنینەوە.

د.یوسف گۆڕان وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەساڵانی ڕابردووداو حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق هەوڵیانداوە كشتوكاڵی كورد لەناو ببەن تاوەكو كورد بەرەو لاواز بون بڕوات، بۆیە پێویستە كەرتی كشتوكاڵ ببوژێنینەوە كە بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ لەیەكێك لەكۆڵەكە بەهێَزەكان دادەنرێت و سروشت و ئاو هەوای هەرێم بۆ كشتوكاڵكردن زۆر گونجاوە.

هەروەها ووتیشی: بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ لەئێستادا لەكاتێكدای ئێمە دەزانین كەهەرێم توشی كێشەیەكی دارایی و ئابوری بووە و ئابوری هەرێم لەقەیرانێكی گەورەدایە چونكە سەرچاوەی داهاتمان نەوت و سەرچاوە سروشتیەكان بووە و پێویستە گۆڕانكاری داهاتدا بكەین بەجۆرێك ئابوری هەرێم هەمەچەشن بێت.

وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی ئەوەشی خستەڕوو: دەبێت قوتابیان لەخوێندنی كشتوكاڵیدا بەشێوەیەكی مەیدانی فێری كشتوكاڵ ببن نەك تەنها بابەتەكانی كشتوكاڵ بخوێنن و دواتر نەتوانن سود بە كەرتی كشتوكاڵ و كۆمەڵگا بگەیەنن.

د.یوسف گۆڕان ئاماژە بەوەش دەكات: بە بەرەوپێشچونی كەرتی كشتوكاڵ هەلی كار بۆگەنجان دەڕەخسێت و دەرفەتێك دەبێت تاوەكو بەشێك لە گەنجان لەو ڕێگایەوە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی كار بدەن.