شوێنی نمایشی فیلمه‌كانی فیستیڤاڵ ئاشكراده‌كرێت

واده‌ی ده‌ستپێكردنی فێستیڤاڵ نزیك بۆته‌وه‌و به‌ریوه‌به‌ری فێستیڤاڵیش شوێنی نمایشی فیلمه‌كان ئاشكرا ده‌كات. 
نه‌بونی هۆڵی گونجاو بۆ نمایش‌و رێوره‌سمه‌كان هه‌میشه‌ گله‌یی‌و گازنده‌ی سه‌رزاری هونه‌رمه‌ندانه‌، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و گله‌ییانه‌، رێكخه‌رانی دووه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وله‌تی سلێمانی، له‌هه‌ولی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هۆڵی (ته‌لاری هونه‌ردان)‌و كارله‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌ن هیچ كه‌موكورییه‌ك نه‌بێت، تابتوانن رێوره‌سمێكی شیاو شایسته‌ سازبده‌ن، به‌تایبه‌ت‌و له‌كاتێكدا فێستیڤاڵ میواندارییه‌كی زۆری له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌. 
هۆڵی ته‌لاری هونه‌ر یه‌كێكه‌ له‌وهۆلانه‌ی كه‌زۆرترین نمایشی تێداكراوه‌و ژماریه‌كی زۆری میوان له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌وڵدراوه‌ هه‌ركه‌موكورییه‌ك و پێویستییه‌ك هه‌یه‌ له‌هۆله‌كه‌دا بۆ فێستیڤاڵ چاره‌سه‌ر بكرێت. 
هاوكات به‌رێوه‌به‌ری دووه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وله‌تی سلێمانی، (فوئاد جه‌لال)، رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌شێكی زۆری نمایشی فیلمه‌كانی له‌هۆله‌كانی سیتی سینه‌ما به‌رێوه‌ده‌چێت، جگه‌ له‌فیلمی یه‌كه‌م رۆژ واته‌ ده‌ستپێكی فێستیڤاڵ كه‌له‌ته‌لاری هونه‌ر نمایش ده‌كرێت.. به‌رێوه‌به‌ری فێستیڤاڵ ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، ژماریه‌ك فیلم كه‌ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی نمایشی تایبه‌ت، له‌فێستیڤاڵه‌كه‌دا له‌سینه‌ما سالم نمایش ده‌كرێت.
بڕیاره‌ ماوه‌ی 7 رۆژ له‌پایته‌ختی رۆشنبیری فێستیڤالێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌رێوه‌بچێت، كه‌ ئه‌م فێستیڤاله‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای مه‌ستی فیلمه‌وه‌ سازده‌كرێت‌و به‌شێكی زۆر له‌سه‌رمایه‌دارو كه‌سایه‌تی‌و كۆمپانیاكان‌و ده‌زگای میدیایی سپۆنسه‌ری فێستیڤاله‌كه‌ ده‌كه‌ن هه‌روه‌ك بڕیاره‌ له‌1ی ئۆكتۆبه‌ر یه‌كه‌م رێوره‌سم‌و ده‌ستپێكی فێستیڤاڵ به‌رێوه‌ده‌چێت.