بەپێی نووسراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، کە لە ١٤ی ٨ی ٢٠١٧ دەرچووە، ئاماژە بە نووسراوێکی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان کراوە، کە تایبەتە بە رێنماییەکانی ڤیزای فەڕەنسا.
بەپێی نووسراوەکە، کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە ھەولێر ئاگاداری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووەتەوە، کە لەمەودوا وەرگرتنی ڤیزای فەڕەنسا و بایۆمەتریی ڤیزای شنگن لە کونسوڵخانە دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای VFS.
لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا ھاتووە: ”داواکارانی ڤیزە پێویست ناکات سەردانی کونسوڵخانەی فەڕەنسا بکەن، بەڵکوو لەمەودوا لە رێگەی ئەو کۆمپانیایەوە دەبێت”.
ئەوەش روون کراوەتەوە. کەوا ھەڵگرانی پاسپۆرتی دیبلۆماسی و داواکارانی ئیقامە و ھەروەھا ئەو قوتابییانەی لە مینحەکانی خوێندنی فەڕەنسی سوودمەند بوونە، راستەوخۆ سەردانی کونسوڵخانە دەکەن و بەپێی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و رێنماییەکانی فەڕەنسا بۆ بەخشین، ڤیزایان پێ دەدرێت.
کونسوڵخانەی فەڕەنسا ئەوەی بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاندووە، کە ھیوادارە ئەو گۆڕانکارییە توانای ھەڵسەنگاندنی دیکۆمێنتەکانی ڤیزا بەرز بکاتەوە و خزمەتگوزاریی باشتر بۆ ژمارەیەکی زۆرتر پێشکەش بکات.
بڕیارە رێنمایی نوێ بەو کەسانە بدرێـت کە لەداھاتوودا وادەیان لە کونسوڵخانە دەبێت، ئەویش بۆ کارئاسانیی پێشکەشکردنی دیکۆمێنتەکانی وەرگرتنی ڤیزا.
بەپێی زانیارییەکان، لە ساڵی ٢٠١٦، فەڕەنسا ڤیزای بە ٥ ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان دابوو.
کۆمپانیای VFS لە ھەولێرە و دەکەوێتە شەقامی عەینکاوە، تەنیشت دیوتی فری، لەوێ مامەڵەکان وەردەگیرێن.
پێشووتر لە ساڵی رابردوودا کونسوڵخانەی فەرەنسا چەند رێنماییەکی بۆ پێدانی ڤیزا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابوو، کە ئەوکات پێویست بوو لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزای شنگن لەو وڵاتە، تەواوی بەڵگەنامە پێویستەکانی وەکوو بلییتی فڕۆکە و شوێنگرتن لە ئوتێل پێشکەش بکرێت بە سەنتەری ڤیزای نێودەوڵەتیی (ستێر تاوەر) لە ھەولێر.
ئەوەش ھاتبوو کە شاندە فەرمییەکانی حکوومەت، کە بەسەردانی فەرمی دەچنە فەڕەنسا، پێویستە نامەی پشتگییری فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەیان پێ بێت. کونسوڵخانەی فەڕەنسا ھاوئاھەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەدا دەکات، بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری و کارئاسانی بە بەرپرسانی شاندە فەرمییەکان، کە ئامانج لە سەردانەکانیان پەرەپێدان و بەھێزکردنی پەیوەندیی دووقۆڵییە.
فیزای فەڕەنسا لە چوارچێوەی ڤیزای (شنگن)ە و ھەر ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتیی ئەوروپا دەگرێتەوە،
زیاتر لە ٣٢ وڵات کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و ١٦ وڵاتیان ڤیزا بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەدەن.
سەبارەت بە تێچووی نرخی وەرگرتنی ڤیزای فەرەنسا، نرخی پێدانی ڤیزاکە ٦٠ دۆلارە و پارەی سێرڤس تەنیا ٣٠ دۆلار دەبێت، بە کۆی گشتی پێدانی ڤیزای فەڕەنسا بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ٩٠ دۆلارە.