تەماتەی پێنجوێن پاره‌ ناكات


پێنجوێن، به‌هۆی له‌باریی كه‌ش هه‌واو و خاكه‌ به‌پیته‌كه‌ی و زۆری ئاوی سازگار له‌و ناوچه‌یه‌دا كه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئاودێریی به‌كارده‌هێنرێت، چه‌ندین به‌رهه‌می كشتوكاڵی گرنگ و خاوه‌ن كواڵیتی لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، له‌م وه‌رزه‌دا (ته‌ماته‌ی پێنجوێن) له‌ بازاڕدا به‌ “یاقوت” یان “ته‌ماته‌ی كوردی” ناسراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی زۆری به‌رهه‌می ئێرانی و سوری و توركییه‌وه‌ له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمدا، پاره‌ ناكات و جوتیارانی پێنجوێن به‌ زه‌ره‌ر ده‌یفرۆشنه‌وه‌.

هه‌ر بۆیه‌، جوتیارانی پێنجوێن، گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان له‌سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی مه‌رزی باشماخ رێكخست، دژی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ رێگا ده‌دات له‌ وه‌رزی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می جوتیارانی خۆماڵیدا مه‌رزه‌كان بكرێته‌وه‌ و به‌رهه‌می وڵاتانی دیكه هاورده‌ی هه‌رێم بكرێت.

ره‌نگ و تام و بۆنی ته‌ماته‌ی پێنجوێن، جیاوازتره‌ له‌ ته‌ماته‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌… به‌ڵام چه‌ندین ساڵه‌، ته‌نها یه‌ك جۆر مامه‌ڵه‌ی حكومه‌ت ده‌بینین بۆ سودوه‌رگرتن له‌و به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌، ئه‌ویش پشتگوێخستن و بێ به‌هاكردنێتی.