ئاشەکەی مام خدر لەساڵی ١٩٢٨وە تائێستا بەردەوامە لەکارکردن


یەکێک لە سیما و نیشانەکانی شاری کۆیە ئاشەکەی مام خدرە، ئاشەکەی مام خدر دەکەوێتە نزیک قشڵەی کۆیەوە، ٩٠ ساڵ پێش ئێستا ساڵی ١٩٢٨ لەلایەن کۆمپانیای ڕیستونی بەریتانیەوە ئامێرەکە هێنراوەتە کۆیە و تا ئێستاش خزمەت دەکات، لە ساڵانی پێشتر بەهۆی باشی دۆخی ئابووریەوە خەڵک کێشەی نەبوو لە کڕینی بەرهەمە هاوردەکانی دەرەوە بەڵام لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە خەڵکێکی زۆر ڕوو لەم شوێنە دەکەن.

ئاشەکەی مام خدر بە گاز کار دەکات بۆیە کێشەی کارەبا کاریگەری تێناکات و دەتوانێت بە بەردەوامی کار بکات، ئەو گەنمەی کە دەهێنرێتە ئەم ئاشە بەشێکی دەکرێتە ئارد بەشێکی دیکەشی دەکرێتە ساوار بەڵام بۆ ئەوەی گەنمەکە بکەنە ساوار پێویستە پێشتر گەنمەکە کوڵێنرابێت، جگە لە ساوار و ئارد هەندێکیشی دەکرێتە گەنمە کوتاوو و بڕوێش و داندۆک.

لە سەرەتای هێنانی ئەم ئاشە بۆ کۆیە باوکی مام خدر بۆ ماوەیەکی کەم بەڕێوەی بردووە و پاشان مام خدر جێگەی گرتووەتەوە بەڵام ئێستا مام خدر نەخۆشە و کوڕەکانی سەرپەرشتی ئاشەکە دەکەن، بە درێژایی ئەم ساڵانە ئاشەکەی مام خدر خزمەتێکی گەورەی بە خەڵکی کۆیە و دەوروبەری کردووە لە دابینکردنی ئارد و ساوار و خوردنەکانی دیکە ئێستاش جگە لەوەی کە پێویستی بەشێکی زۆری خەڵک دابیندەکات بووەتە ئاسەوارێکی جوانی شارەکە و گەشتیاریش ڕووی تێدەکەن بۆ بینینی و قوتابیانی شارەکەش وەک گەشتی زانستی ڕووی تێدەکەن.