دوای ئەوەی نوسینگەی کونسوڵیەتی تورکیا لە شاری سلێمانی کرایەوەو پێدانی فیزای یەکساڵی لەشاری سلیمانی بە پشگیری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەدا بەبازرگانان بەڵام لەئێستادا کارکردن لەنوسینگەی سلیمانی کونسوڵیەتی تورکیا ڕاوەستاوەو ژووری بازرگانی لە هۆکارەکەی دەکۆڵێتەوە.
عوسمان فەتاح ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلیمانی سەردانی ئۆفیسی سلێمانی کونسوڵیەتی تورکیای کرد لەشاری سلیمانی، لەسەرەتای دانیشتنەکەدا عوسمان فەتاح وتی” وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلیمانی دەمانەوێت کارەبازرگانیەکان گرنگی زیاتری پێبدرێت و بەهاوکاری هەردولا کار ئاسانی زۆرتر بکرێت بۆ بازرگانانی سلیمانی وەئەم ئۆفیسەی قونسوڵیەتی تورکیا لەسلێمانی ڕۆڵ و گرنگی خۆی هەیە بۆ کارە بازرگانیەکان بۆیە پێویستە پێدانی فیزا لەشاری سلیمانی بەردەوامبێت و هاوڵاتیانی سلێمانی سودمەندبن لەم کارئاسانیە”
وتیشی” شاری سلیمانی یەکێکە لەوشارە گەورانەی کاری بازرگانی و پیشەسازای و وەبەرهێنانی گەورەی تێدایە وەلەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا پەیوەندیان هەیە و کاردەکەن، لەسەر ئەم پەیوەندیەش دەبێت کارئاسانی بکرێت بۆزیاتر بەهێزکردنی کارەکانیان”
لای خۆشیەوە هاکان بەرپرسی ئۆفیسی سلیمانی کونسوڵیەتی تورکیا ڕایگەیاند” کاری ئێمە بۆ کارئاسانی بازرگانان و وەبەرهێنەران و هاوڵاتیانی شاری سلیمانیە تا لەم ڕێگەیەوە پەیوەندی زیاتر بەهێزبکرێت وە هۆکاری ڕاوەستانی فیزە لەشاری سلیمانی و گەڕانەوەی بۆ هەولێر ڕوننیە بۆیە ئێمە قسەدەکەین لەگەڵ بەرپرسانی سەروخۆمان و چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەین و هەوڵەکانمان بۆ کارئاسانیکردنی بازرگانانی سلێمانی بەردەوام دەبێت”
ئاماژەی بەوەشدا” دەمانەوێت ژووری بازرگانی سلیمانی پەیوەندیەکانی بەهێزبکات لەگەڵ وەبەرهێنەران و بازرگانانی وڵاتی تورکیا وە ئەو بوارانەی لەشاری سلێمانیدا بازرگانان و وەبەرهێنەرانمان دەتوانن سودی لێوەربگرن گفتوگۆی لەسەر بکەین و کاری تێدابکەین”
ئەندامەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکۆتایدا ڕایگەیاند” شاری سلیمانی لە بواری کشتوکاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی دەرفەتی کارکردنی زۆرە بۆیە پێویستە دەوڵەتی تورکیا کاربکات لەوبوارانەدا تا هانی سەرمایەدارانیان بدات بێن و کاربکەن”
لەئێستادا بازرگانانی سلیمانی دەتوانن لەڕێگەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلیمانی پشگیریان بۆبکرێت و لەکونسوڵیەتی تورکیا لە هەولێر ڤیزای یەکساڵیان پێبدرێت.