قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: پاش چەندین هەنگاوی چاكسازی توانیومانە لە نێوان خەرجی و داهاتی هاوسەنگی رابگرین و حكومەتیش سەرقاڵی داڕشتنی سیستمێكی نوێی موچەیەو دادپەروەری تێدایە بۆ موچەخۆران و سیستمی پاشەكەوتیش هەڵدەوەشێنرێتەوە.
ئەمڕۆ10ی ئەیلولی 2017، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لە هەولێر، لەگەڵ ئەندامانی فراكسێۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەئامادەبوونی ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و دكتۆر ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبویەوە.
لە كۆبونەوەكەدا، باس لەڕەوشی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا، پرسی چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم و مەسەلەی شەفافیەت لە كەرتی نەوت تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە بوون.
سەرەتای كۆبونەوەكە جێگری سەرۆك وەزیران، ستایشی هەوڵ و چالاكیەكانی پەرلەمانتارانی كرد لە بەغداو داوای لێكردن بەردەوامبن لەبەرگریكردن لە مافە رەواكانی گەلی كوردستان.
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی راگەیاند: كە ئەم قۆناغەی ئێستا هەستیارەو پێویست بەوە دەكات حەكیمانەتر مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و دەبێت لەناو خۆمان یەكدەنگ بین لەئاست پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان.
سەبارەت بەچاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم وتی: سەرباری زۆری و قورسی قەیرانەكان، وەك حكومەت بەردەوامبوین لە هەوڵەكانمان بۆ راستكردنەوەی سیستەمی حوكمڕانی و لەئێستادا پاش چەندین هەنگاوی گرنگی چاكسازی توانیمان هاوسەنگی رابگرین لە نێوان خەرجی و داهاتی حكومەت.
سەبارەت بەپرسی موچە وتی: حكومەت سەرقاڵی داڕشتنی سیستمێكی نوێی مووچەیە كە زیاتر دادپەروەری تێدایە بۆ مووچەخۆرانمان و ئەم سیستمی پاشەكەوتەش هەڵدەوەشێنرێتەوە.
سەبارەت بەپرسی شەفافیەت لە داهاتی نەوت، دكتۆر ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەوردی تیشكی خستەسەر هەنگاوەكانی حكومەت لەوبارەیەوە و وتی: حكومەتی هەرێم گرێبەستێكی لەگەڵ گەورە كۆمپانیایەكی وردبینی نەوت كردووە بۆ ئەوەی ئەو گومانانە بڕەوێنینەوە كە لەسەر دۆسیەی نەوت هەیەو لەئێستادا قۆناغی باشی بڕیوە لەكارەكانی.
جەختیشی كردەوە كە لەماوەیەكی كورتدا دەرئەنجامی باش بەدیدەكرێت لەسەر نەوت و شەفافیەت لەو دۆسیەیە.
لای خۆیانەوە پەرلەمانتارانی یەكێتیی سەرنج و تێبینی و پرسیارەكانی خۆیان خستەڕوو، جەختیشیان كردەوە كە دەبێت ئەو كۆبونەوانە بەردەوامییان هەبێت بۆ بەرچاوڕوونی لەسەر كۆی پرسەكان، داواشیان كرد زیاتر پەرە بەپەیوەندیەكانی حكومەت و پەرلەمانتاران لە بەغدا بدرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر مامەڵە لەگەڵ پرسە هەستیارەكان بكرێت.
راگەیاندنی جێگری سەرۆك وەزیران