شاندێکی بازرگانی و یشەسازی سنە لەشاری سلێمانیەوە داوا دەکەن پەیوەندیە بازرگانی و پیشەسازیەکان پتەوبکرێتەوە و کاری زیاتر بکەن بۆ ھاوکاری ھەردوولا.
یاسین ڕەحیم فەرەج جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بورھان علی عبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور پێشوازیانکرد لە شاندی ژووری بازرگانی سنە بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیەکان.
سەید کەمال حسینی بەڕێوە بەری گشتی ژووری بازرگانی سنە ڕاگەیاند “سەردانەکەمان بۆ ھەرێمی کوردستن بۆ قسە و گفتوگۆکردنە لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکان تا ئەو کێشەو گرفتانەی ھەیە لەنیوان مەرزەکان و کاری بازرگانی چارەسەربکرێت ئەو گرفتانە لەلایەن ھەردولاوە چارەسەر بکرێت”.
دواشیکرد “وەک شاری سنە ھەموو ئامادەکاریەکمان ھەیە بۆ بەشداریکردن لەئاوەدانکردنەوەی شاری موسڵ تالەڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە کۆمپانیا گەورە و بەھێزەکانمان بێن و کاری زیاتر بکەن”.
شاندە بازرگانیەکەی شاری سنە کێشەو گرفتەکانیان کەھەیانە لەسەر مەرزەکان و دواکەوتنی بارەکانیان و داگرتن و بارکردنەوەی دوبارە باسی لێوەکراو داواکرا چیتر ئەو کێشەو گرفتانە نەمێنێت.
یاسین ڕەحیم جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ڕایگەیاند “ھەموو ئەو کێشەو گرفتانەی لەسەر مەرزەکان دروست دەکرێت بۆ بازرگانان دەبێتە ھۆکارێک بۆ کەمبونەوەی کاری بازرگانی بۆیە پێویستە بەھەموو لایەک ھەوڵبدرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەو گرفتانەی کەھەیە”.
ڕاشیگەیاند “ژووری بازرگانی سلێمانی ھەمیشە چاوی لەسەر ئەو کێشەو گرفتانەبووە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی داوە بەڵام سستی ھەیە لە جێبەجێکردنەکاندا بۆیە ئێمە نەوەستاوین لەھەوڵەکانمان بەردەوامین لەچارەسەرکردنی کێشەکان و کارئاسانی بۆ بازرگانان”.
ئاماژەی بەوەشدا لەسەرەتای مانگی داھاتودا کۆبونەوەیەک لەسەر مەرز ڕێک دەخەین و ھەمو لایەنە پەیوەندی دارەکان کۆدەکەینەوە تا کێشە بازرگانیەکان بەڕونی باسبکرێت و بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بدرێت.
ژووری بازرگانی سنە و بازرگانان سەردانی تەواوی ژوورە بازرگانیەکان دەکەن تا لەنزیکەوە کێشەو گرفتەکان لەیەک بگەیەنن و ھەوڵی چارەسەر کردنیان بۆ بدرێت.