عیراق بۆ دابینكردنی گۆشتی سوور و مریشك پشت بە هاوردە دەبەستێت


بەگوێرەی ئامارە ڕەسمیەكان، كێڵگە پەلەوەریەكانی عیراق ساڵانە تەنها 87 هەزار تۆن گۆشتی مریشك‌و 630 ملیۆن هێلكە بەرهەم دەهێنن، كە ئەوەش یەك لەسەر سێی پێداویستیەكانی ناوخۆ پڕ دەكاتەوە، هەروەها لەسەدا 42ی گۆشتی ماسی‌و لەسەدا 76ی گۆشتی سوور لەناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت‌و ئەوی تری لە دەرەوە هاوردە دەكرێت. 

بەبڕوای پسپۆڕانی ئابووریش، كەرتی كشتوكاڵ‌و ئاژەڵداری بەجۆرێك پشتگوێ‌ خراوە، كە ئەستەمە عیراق وازوو بتوانێت بە بەرهەمی ناوخۆیی خۆی بژێنێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆك كۆماری عیراق  بەیاننامەیەكی لەبارەی دۆخی كشتوكاڵ بڵاوكردۆتەوە‌و تیایدا ئاشكرایكردوە، ڕووبەری زەوی كشتوكاڵی چێنراو بەڕێژەی لەسەدا 75 دابەزیووە‌و لە 48 ملیۆن دۆنمەوە بۆ 12 ملیۆن دۆنم كەمیكردووە، ترسی ئەوەش هەیە ئەو ڕووبەرەی كە ماوە كەمتر ببێتەوە، چونكە بەهۆی كەمی سەرچاوەكانی ئاوەوە، بەبیابانبوون زیادیكردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە هیچ پلانێك نیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو بارودۆخە.

جێگری سەرۆك كۆماری عیراق راشیگەیاندوە، هۆشداریداوە لەكاریگەریەكانی داڕمانی كەرتی كشتوكاڵ لەسەر ئاسایشی خۆراكی هاوڵاتیان‌و سەروەری عیراق‌و تەئكیدیشی كردۆتەوە كە داڕمانی كەرتی كشتوكاڵ دەبێتەهۆی زیادبوونی كۆچ لە گوندەكانەوە بۆ شار‌و لەدەستدانی هەزاران هەلی كار.

ئەیاد عەلاوی پێیوایە نەبوونی دیدێكی ئابووری ڕۆشن، بوەتە هۆی داڕمانی كەرتی كشتوكاڵ‌و كۆی بارودۆخی ئابووری وڵات، چونكە لەئێستادا عیراق كە لەناوەراستی قەیرانی داراییدایە، ناچارە لەسەدا 75ی پێداویستی خۆراك‌و لەسەدا 91ی كاڵاكانی تر لە دەرەوە هاوردە بكات.