فیلمێك له‌باره‌ى پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌فێستیڤاڵێكى سینه‌مایى جیهانى كێبركێى خه‌ڵات ده‌كات


كورته‌ فیلمى (فڕین) له‌سیناریۆ‌و ده‌رهێنانى عه‌بدولوه‌هاب شوانى وه‌ك تاكه‌ فیلمی كوردی و عێراقی له‌فیستڤاڵی نێوده‌وڵی (ڤیڤا)‌و له‌پێشبڕكێی سه‌ره‌كى فێستیڤاڵه‌كه‌دا به‌شدارى ده‌كات‌و كێبركێى بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات، ده‌كات. 

له‌باره‌ى فێستیڤاڵه‌كه‌ ده‌رهێنه‌ر عه‌بدولوه‌هاب شوانى وتى “فیستڤاڵی ڤیڤا، روداوێكی گه‌وره‌ی هونه‌رییه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌ی ڤیڤا له‌سه‌رایڤۆ پێی هه‌ڵده‌ستێت له‌بوسنه‌ و هه‌رسك، بۆ پێشبركێی فیلمی نێوه‌خۆیی و نێوده‌وڵه‌تی، هه‌مو ساڵێك سازده‌كرێ‌ له‌مانگی سێبته‌مبه‌ر‌و بۆ ماوه‌ی چوار رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت”. 

وتیشى “كورته‌ فیلمی (فڕین) تاكه‌ فیلمی كوردی عێراقییه‌ له‌فیستڤاڵه‌كه‌ به‌شداره‌ له‌پێشبڕكێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات‌و فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌رۆژانى (13 بۆ 17ى مانگی سێبتێمبه‌ر)، به‌ڕێوه‌ده‌چێت”. 

سه‌باره‌ت به‌چیرۆكى فیلمه‌كه‌شى، شوانى وتى “فیلمه‌كه‌ باس له‌دو قه‌ناس به‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ و داعش ده‌كات، له‌گه‌ڵ كۆترێكی سپی كه‌ ڕۆڵێگی گرنك ده‌بینێت وه‌ك سیمبوڵیكی جیهانی”. 

وتیشى “فیلمه‌كه‌ له‌و چیرۆكه‌ راسته‌قینانه‌  ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌شه‌ڕه‌كانی دژ به‌ تیرۆرستان رویانداوه‌، كه‌ تیایدا پرسیارگه‌لێك له‌ زیهنی بینه‌ر دروست ده‌كات و ناچار به‌ وه‌ڵامی ده‌كات”. 

ئه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌مه‌ چواره‌م به‌رهه‌مى ئه‌وه‌ له‌بوارى سینه‌مادا‌و وتى ” (فڕین)به‌سپۆنسه‌ری رێكخراوی (JKH) و (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری سینه‌مای هه‌ولێر) و له‌به‌رهه‌مهێنانی كۆمپانیای (سكای ئارت)ه‌”. 

له‌باره‌ى ئه‌كته‌ره‌كانى فیلمه‌كه‌ش ، عه‌بدولوه‌هاب شوانى وتى “له‌فیلمه‌كه‌دا شاخه‌وان مسته‌فا رۆڵی پێشمه‌رگه‌ و ئیبراهیم ره‌مه‌زان رۆڵى داعش به‌رجه‌سته‌ ده‌كات”.
 
سه‌باره‌ت به‌ستافى به‌رهه‌مهێنانى فیلمه‌كه‌ش، شوانى وتى “ئه‌م فیلمه‌ له‌وێنه‌گرتن و مونتاژی شوكری عه‌لی‌و سه‌رپه‌رشتی به‌رهه‌م ئارین كوردی و لاوه‌ند حه‌مه‌د و كاری ده‌نگ و موزیك له‌لایه‌ن توانا خاڵه‌ حه‌مرین، ئه‌نجامدراوه‌”. 

وتیشى “فیلمه‌كه‌ له‌میحوه‌ری خازر له‌گوندی حه‌سه‌ن شام وێنه‌گیراوه‌”. 
عه‌بدولوه‌هاب شوانی، نوسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر، هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌كارگێڕی گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری سینه‌مای هه‌ولێر، نوسه‌رو سیناریستی یه‌كه‌م زنجیره‌ درامای منداڵان به‌ناوی (وانه‌) ساڵی (2012)، هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ری هه‌ر سێ‌ كورته‌ فیلمی (بیگه‌ر، به‌رده‌كانی سه‌ر ڕێگه‌، مێگه‌ل)، له‌ساڵی (2000) وه‌ ده‌ستی به‌نوسین و كاری هونه‌ری كردوه‌ و دواكاریشی كورته‌ فیلمی (فڕین)ه‌.