پسپۆڕێكی ئابووری هۆشداری دەدات كە دراوی عیراقی لە لێواری داڕوخاندایەو ڕەخنەش لە بانكی ناوەندی دەگرێت، كە ئامارەكانی تایبەت بە یەدەگی دراوی بیانی لەسەر ماڵپەڕی ڕەسمی خۆی لابردووە.
حسێن ئەلهەنین پسپۆڕی ئابووری لە لێدوانێكدا بە غەد پرێسی راگەیاندوە، لابردنی داتاو ئامارەكانی تایبەت بەبڕی یەدەگی دراوی بیانی لەسەر ماڵپەڕی ڕەسمی بانكی ناوەندی عیراق، بەڵگەیە بۆ ئەوەی بانكی ناوەندی بە ناشەفافی مامەڵە لەگەڵ دراوی یەدەگ دەكاتو دەیەوێت لەڕای گشتی بشارێتەوە.
وتیشی، یەدەگی دراوی بیانی ڕووپۆشی نەختینەیی دراوی عیراقیەو پێویستە یەكسان بێت بە قەبارەی نەخینەیی دراوی عیراقی یان زیاتر بێت.
بەوتەی ئەو پسپۆڕە ئابووریە، لابردنی داتاكانی تایبەت بە یەدەگی دراوی بیانی لەسەر ماڵپەڕی بانكی ناوەندی عیراق، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە یەدەگی دراوی بیانی لە ئاستێكی زۆر ترسناكدایە، ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا دراوی عیراقیو ئابووریەكەی هەرەس دەهێنن.