ئەگەر توشی شکست بوون، چیرۆکی (جاک ما)ی بە بیر خۆتان بهێننەوە

زۆر جار هەندێک لە ئێمە دوای بچوکترین شکست زۆر نائومێد دەبین بە ڕادەیەک واز لە هەموو ئەو خەون و خولیایانە دەهێنین کە هەوڵمان بۆیان داوە و لەگەڵیاندا گەورە بووین، بەڵام هەر کاتێک توشی ئەم دۆخە هاتن چیرۆکەکەی (جاک ما )بە بیر خۆتان بهێننەوە، یەکێک لە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکان لە دنیای سەرکەوتندا چیرۆکی (جاک ما)ی گەورە سەرمایەداری چینییە، ئەو یەکەم دەوڵەمەندی چین و ئاسیایە و سەرمایەکەی بە ٣٨ ملیارد دۆلار خەمڵێنراوە، دامەزرێنەر و سەرۆکی گروپی عەلی با ئەو بایە بۆ بازرگانی ئۆنلاین.

بەڵام ئەم سەرکەوتن و ئەم سەرمایە زۆرە بە ئاسانی و بێ شکست و بەربەست نەبووە، شکستەکانی جاک ما بەڕادەیەکن کە کاتی باسکردنی لە زاری خۆیەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ هەموو ئامادەبوان پێدەکەنین، جاک ما داوای ئیشی لە ٣٠ شوێنی جیاواز کردووە و لە هەمویان ڕەتکراوەتەوە، لە ناویاندا زنجیرە ڕێستۆرانتی بەناوبانگی نێودەوڵەتی KFC لە ٢٤ کەسدا کە چاوپێکەوتنیان کردووە ٢٣ کەس وەرگیراون ئەو تەنها کەسەش کە وەرنەگیراوە جاک ما بووە. داوای ئیشی کردووە لە پۆلیس و لە ٥ کەسدا تەنها ئەو وەرنەگیراوە، ١٠ جار داوای خوێندنی کردووە لە زانکۆی هارڤارد هەر ١٠ جارەکەی ڕەتکراوەتەوە.

ساڵی ١٩٩٥ لەگەڵ خێزانەکەی و هاوڕێکەی ٢٠ هەزار دۆلاریان قەرز کردووە بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەک تایبەت بە دروستکردنی وێبسایت بۆ کۆمپانیاکانی چین کە لەماوەی ٣ ساڵدا ٨٠٠ هەزار دۆلاریان قازانج کرد، لە ساڵی ١٩٩٩ گروپی عەلیبابای دامەزراند، ئەم گروپە لە ساڵی ٢٠٠٣دا پێکهاتبوو لە بازاڕی ئۆنلاینی تاۆ باۆ، Aliplay، Lynx.

بەم شێوە جاک ما توانی لە ماوەی ٢٢ ساڵدا ببێتە دەوڵەمەندترین کەسی چین و ئاسیا، بۆیە ئێوەش ئەگەر توشی شکست بوون هەرگیز نائومێد مەبن و شکستەکان بکەنە هۆکاری بەهێزتر بوونتان.