هێڵی پاسی شه‌وانه‌ له‌ سلێمانی ده‌خرێته‌كار


سدیق محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گواستنه‌وه‌ی سلێمانی به‌وه‌كاله‌ت ڕایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت ڕێكه‌وتون بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێكه‌وتی(1/1/2018)ه‌وه‌ به‌شه‌وان پاس هه‌بێت‌و هاتوچۆ به‌هاوڵاتیان بكات، هه‌روه‌ها هێڵی پاس بۆ شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود داده‌نێن.

ناوبراو له‌ لێدوانێكدا بۆ Traffic F.M رایگه‌یاند،”سیستمی كاركردنی ئه‌و پاسانه‌ به‌گوێره‌ی كات ده‌بێت‌و خشته‌یان بۆ داده‌نرێت، واته‌ كاتی گه‌شتنی پاسه‌كان به‌وێستگه‌كان دیاریكراو ده‌بێت‌و به‌وه‌ش هاوڵاتیان كه‌متر چاوه‌ڕوانی پاس ده‌كه‌ن”.

له‌باره‌ی ئۆتۆمبێلی تاكسیشه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌ئێستادا سه‌رقاڵی پرۆژه‌یه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی وێستگه‌ بۆ تاكسییه‌كان دابنێن‌و هه‌ر گه‌ڕه‌كێك وێستگه‌ی ته‌كسی خۆی هه‌بێت، هه‌روه‌ها ئاگاداری ئه‌و خاوه‌ن تاكسییه‌ گه‌ڕۆكه‌كانه‌ی ناوشاری سلێمانیشی كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گواستنه‌وه‌ی سلێمانی بكه‌ن، بۆ ده‌رهێنانی كارتی كاركردن، چونكه‌ له‌(1/1/2018)، هه‌ر شوفێرێك ئه‌و كارته‌ی پێنه‌بێت، ده‌ست به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا ده‌گیرێت.

له‌باره‌ی ئه‌و شۆفێرانه‌ی له‌ناوشاره‌وه‌ هاوڵاتیان به‌نایاسایی ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ قه‌زا‌و ناحییه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌گوێره‌ی ڕێنماییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌ر شوفێرێك هێڵی ده‌ره‌وه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام به‌نایاسایی له‌هێڵی دیكه‌ كاربكات‌و نه‌فه‌ر بگوازێته‌وه‌، یاخود ئه‌و تاكسیانه‌ی كه‌ له‌ناوشاردان‌و نه‌فه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار بگوازنه‌وه‌، ئه‌وا به‌بڕی یه‌ك ملیۆن‌و (500) هه‌زار سزا ده‌درێن، بۆیه‌ داواكاره‌ له‌شۆفێران واز له‌و كاره‌ بهێنن‌و به‌نایاسایی هاوڵاتیان نه‌گوزنه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار.