جوتیارانی پێنجوێن کێشەی ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان هەیە

پێنجوێن ناوچەیەکی شاخاوی سنووری پارێزگای سلێمانییە و نزیکە لە سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئەو ناوچەیە خاوەنی دەشتێکی کشتوکاڵی بەپیتە و ساڵانە بڕێکی زۆری بەرھەمە کشتوکاڵییەکان لەو سنوورەوە بەرھەم دەھێنرێت، بەھۆی بەپیتی خاکەکەی و ئاو ھەواکەیەوە کە ناوچەیەکی کوێستانییە، بەرھەمی ئەم ناوچەیە لە چاو بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانی دیکەدا جیاوازی زۆریان ھەیە و تام و چێژێکی تایبەت تریان ھەیە.

پێنجوێن خاوەنی ٢٤ ھەزار و ٤٥٠ دۆنم زەوی بەراو و روبەری ٥٧ ھەزار و ٣٠٣ دۆنم زەوی دێمیە و ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی ئەو ناوچەیەش لەو زەویە کشتوکاڵیانەدا کاردەکەن و ساڵانە بڕێکی زۆری سەوزە و میوە دەخەنە بازاڕەکانەوە.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی قەزاکەش، ڕووبەری چێنراوی بەرھەمە کشتوکاڵیەکان ساڵ بەساڵ ‌بەرزتر دەبێتەوە، بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠١٦دا روبەری ٢٠ ھەزار دۆنم زەوی کراوە بەشوتی، تەماتە و خەیار.

ئەوەی جوتیارانی ئەو ناوچەیەی نیگەران کردووە و ساڵانە لەم کاتەدا ئەو نیگەرانیانەیان زیاتر دەکات، ساغ نەبوونەوەی بەرھەمەکانیان و ھاوکاری نەکردنی لایەنی بەرپرسە بۆ ئەوان، بەجۆرێک لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار خۆپیشاندانیان کردووە و رێگریان لە ھاتنە ناوەوەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران کردووە کە لە سنوورەکەی ئەوان لە مەرزی باشماخەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.

سیروان عومەر جوتیار و خاوەنی عەلوەیە لە قەزای پێنجوێن، ئەو لەو بارەیەوە وتی: “کێشە و گرفتەکانی جوتیاران بەشی گەورەی لە ساغ نەبوونەوەی بەرھەمی جوتیاراندایە، جگە لەوەی بۆ بەرھەمھێنانی ھیچ ھاوکارییەک ناکرێن لەلایەن حکوومەتەوە و ھەندێکجاریش لە ھەندێک شوێندا لایەنە پەیوەندیدارەکان کێشەیان بۆ دروست دەکەن لە ھێنانی تۆ و دەرماندا، لەکاتی پێگەیشتنی ئەو بەرھەمانەشدا روبەڕووی کێشەی گەورە دەبینەوە لە ساغ کردنەوەیان”.

ئەو وتیشێ: “چارەسەری ئەو کێشەیە بە دوو رێگا دەکرێت، یەکەم داخستنی سنوورەکان لەکاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆ و رێگری لە ھاوردەکردنی بەرھەمە دەرکییەکان لەو وەرزەدا بۆ ساغ کردنەوەی ئەو بەرھەمانەی لەناوخۆدا بەرھەمھێنراوە و بەشی پێداویستی ناوخۆ دەکات، دووەم ، لەناوخۆی عێراقدا رێگە بدرێت بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەبێ گومرگ بگوازرێتەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و کارئاسانیان بۆ بکرێت”.

عومەر عەبدوڵڵا جوتیارێکی ناوچەکەیە و باس لەوە دەکات، رۆژانە بڕێکی زۆر تەماتە لە وڵاتی ئێرانەوە بە رێگەی فەرمی و قاچاخ دەھێنرێتە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و کاریگەری زۆر لەسەر بەرھەمی ناوخۆیی ئەوان دەکات، ئەو بۆ وتی: “رۆژانە بڕێکی زۆر تەماتە دەھێنرێتە ناوەوە و باس لەوە دەکرێت کە گومرگ دەکرێت، بەڵام ئەگەر گومرک بکرێت بە پارەیەکی زیاتر دێت و کیلۆی ٥٠٠ دینار دەکەوێت، ئێمە داوا دەکەین یان نەھێنرێت یان گومرگی زیاتری لەسەر دابنرێت”.

تۆفیق شەریف دانیشتویەکی بەتەمەنی ناوچەکەیە و ٧٨ ساڵ تەمەنی کردووە، ئەو کە تائێستاش ساڵانە بڕێکی زۆر تەماتە دەچێنێت لەو ناوچەیە، باس لەوە دەکات ئەو بەرھەمانەی دەیان چێنن خەرجی زۆریان ھەیە و لەکاتی پێگەیشتنیان پارەیەکی کەمتر دەکەن و کیلۆی ناگاتە ١٥٠ دینار، ئەوەش وای لەو جوتیارانە کردووە بڕێکی زۆری بەرھەمەکەیان لەو زەویانە واز لێبھێنن و لە بەر خەرجیەکەی نەیان چننەوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان، غەریب پێنجوێنی لەسەر کێشە و گرفتی جوتیارانی ناوچەکە رایگەیاند: “کێشە و گرفتی گەورەی جوتیارانی ناوچەکە ئەوەیە بڕی تێچووی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانیان زیاترە و حکوومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ ناتوانێت ھاوکاری جوتیاران بکات لە پێدانی دەرمان و تۆ و، لەئێستاشدا کە وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی ناوچەیە ئەو بەرھەمانە لە بازاڕدا ساغ نابنەوە و پارەیەکی کەم بۆ جوتیاران دەکات کە نرخی تێچونەکەی دەرناھێنێتەوە”.

پێنجوێنی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای داواکاری جوتیاران، بەڵام تائێستاش تەماتە و بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە لە ئێرانەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەوەش زیانی گەورەی لە بەرھەمی جوتیارانی ناوخۆ داوە و رۆژانە زیاتر لە ٧٠ تۆن تەماتە لەو سنوورەوە ھاوردە دەکرێتە ناوەوە.