توانا و بەهرەکانی ئافرەتان سەرسوڕهێنەرن، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە خەڵک بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تواناکانی ئافرەتان بەم شێوەیە نابینن و لە نوسینەوەی مێژووی جیهاندا ژنان و ئەو ژنانەی کە داهێنانیان کردووە بە تەواوی شاردراونەتەوە و هەندێک جاریش بە هیچ شێوەیەک باس نەکراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتانی جیهان خاوەنی چەندین داهێنانی سەرسوڕهێنەرن کە بەهۆی داهێنانەکانیانەوە جیهانیان گۆڕیووە و کار ئاسانی تەواویان بۆ خەڵک کردووە.
تا کۆتایی سەدەی بیستەم تەنها ١٠%ی داهێنانەکانی جیهان کە لەلایەن ئافرەتانەوە ئەنجامدراون باسیان لێکراوە و ستایشی داهێنەرەکانیان کراوە، هەربۆیە ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵک ئاگاداری ئەو داهێنانانەن کە لەلایەن ئافرەتانەوە ئەنجامدراون. لەوایەنە رۆژانە زۆرینەمان ئەو شتانە بەکار بهێنین کە لەلایەن ئافرەتانەوە داهێنراون، بەڵام هیچکات نەزانین کە داهێنەری ئەم کەلوپەلانە ئافرەت بوونە.
بە دڵنیاییەوە لە ناو کوردیشدا چەندین ئافرەتی لێهاتوو و داهێنەر هەن کە چەندین داهێنانی جۆر بە جۆریان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەم کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین داهێنانەکانیان شاردراونەتەوە یاخود باسیان لێوە ناکرێت. ئەگەر هەر یەکێک لە ئێوە بتوانن ئەو داهێنانانەمان بۆ بنێرن کە لەلایەن ئافرەتانی کوردەوە کراون ئەوا دەتوانین لە داهاتوودا بابەتێک لەسەر ئافرەتە داهێنەرەکانی کوردیش ئامادە بکەین. لێرەدا یەڵڵا ١٠ لە گرینگترین ئەو داهێنانانەی ئافرەتان کە جیهانیان گۆڕی دەخاتە روو:
١- ئامێری قاپ شوشتن: جۆزێفین کۆکراین لە ساڵی ١٨٨٦ یەکەم ئامێری قاپ شوشتنی داهێنا. لەسەرەتای دروستکردنی ئەم ئامێرەدا کارەبایەکی زۆر و ئاوێکی زۆر پێویست بوو، بەڵام دواتر بەرە بەرە گرنگی پێدراو بەرەوپێشتر برا کە ئێستا بە کارەبایەکی کەم و ئاوێکی کەم ژمارەیەکی زۆر قاپی پێدەشۆردرێت. ئەگەرچی ئەم خانمە ژیانی بۆ خەڵک بەگشتی و ئافرەتان بەتایبەت ئاسانتر کرد بەڵام هیچ کات نەیتوانی کە خۆی سوودمەند بێت لەو داهێنانەی کردوویەتی.
٢- کامێرای چاودێری: کامێرای چاودێری لە ساڵی ١٩٦٩ لەلایەن ژنێک بەناوی ماری ڤان بریتن براونەوە داهێنراوە. مەبەست لە دروستکردنی ئەم کامێرای چاودێرییە پارێزگاری کردن لە ماڵەکەی خۆی بووە و ویستوویەتی هەر دزییەک یان توندوتیژییەک لە گەڕەکەکەیان ئەنجام دەدرێت ریکۆردی بکات، چوونکە پێی وابووە بەو و دەمو دەستە پۆلیس ناگات بۆیە دەبێت کارێک بکات بۆ ریکۆرد کردنی ئەم تاوانانە. ئەم ئامێرە زۆر لە مێژە داهێنراوە، بەڵام بەکاربردنی زۆر درەنگتر لە کاتی داهێنانی دەستی پێکرد و ئێستا لەسەرانسەی جیهان بەکار دەهێندرێت.