200 کۆمپانیای کوردستان و ئەڵمانیا بەشداری کۆنفرانسی هانۆڤەر دەکەن

کۆنفرانسی خاوەن کار و وەبەر‌هێنەرانی ئەڵمانیا – کوردستان لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، ئامانجی کۆنفرانسەکە دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان وەبەرهێنەران‌و بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا.

 

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ئاراس عبدلکریم و کەمال حەمە علی، ئەندامانی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی بەشدرن لە کۆنفرانسەکەدا بەمەبەستی گەیاندنی زانیاری لەسەر پەیوەندیەکانی سلێمانی و ئەڵمانیا.

 

سیروان محەمەد ڕایگەیاند “لە شاری هانۆڤەر لە ئەڵمانیا کۆنفرانسی خاوەنکار و وەبەر‌هێنەرانی ئەڵمانیا – کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد، ئامانجی کۆنفرانسەکە دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان وەبەرهێنەران‌و بازرگانان‌و پیشەسازانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەو کاری هاوبەش”.

 

راشیگەیاند “وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تەواوی زانیاریەکانمان لەبارەی شاری سلێمانیەو گەیاندە بازرگانان و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیا تا لەنزیکەوە ئاگاداربن لەبەرەو پێشچونەکان لەشاری سلیمانی وە داوامانکرد کۆمپانیاکان بێننە شاری سلێمانی‌و کاری بازرگانی‌و وەبەرهێنان  لەبوارە جیاوازەکاندا بکەن، ئێمە وەک ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی هەموو کارئاسانیەکیان بۆدەکەین”.

 

سەرۆکی ژوور ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “کۆنفرانسەکە کاریگەریی لەسەر زیادکردنی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەبێت کە100 کۆمپانیای هەرێمی کوردستان، 40 کۆمپانیای ناوچەکانی دیکەی عێراق و 100 کۆمپانیای ئەڵمانیا بەشدارن لەکۆنفرانسەکەدا”.

 

تیلمان برونەر، بەرپرسی بەشی نێودەوڵەتی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھانۆڤەر وتی” زیاتر لە 100 کۆمپانیای هەرێمەکەیان خوازیارین بۆ کارکردن بێنە هەرێمی کوردستان‌و لێکتێگەشتن لەگەڵ ئەوکەسانە دەکەن کەلەم کۆنفرانسەدا بەشدارن لەگەڵماندا”.

 

لە کۆنفرانسەکەدا نزیکەی 300 کەس لە وەزیری ئەڵمانیا، کوردستان و عێراق و نوێنەری کۆمپانیاکان و بازرگانان بەشدارن و باس لە هاوئەهانگی هەردوو وڵات دەکەن بۆ گەشەپێدانی بوارەکانی بازرگانی‌و ئابووری.


هەریەک، د.عەلی سندی، وەزیری پلاندانان، دەرباز کۆسرەت رەسول، وەزیری ئاوادەنانکردنەوە و نیشتەجێکردن‌و نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلیمانی بەشداری چەند پانێڵێک بوون.


لە پانێڵەکانیاندا گۆشەنیگای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خاوەنکار و بزنسمان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی ئەڵمانی روون کرانەوە، لەسەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت چی بکات بۆ کۆمپانیاکانی وەبەهێنان و خاوەنکار و بزنسمانەکانی ئەڵمانیا.