ئەمڕۆ لە هەرێمی هانوڤەری ئەڵمانیا كۆڕبەندی خاوەنكار و وەبەرهێنەران لە هانوڤەری ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت كە تیایدا كۆمەڵێك بازرگان و وەزیر و بەرپرسانی ئابوریی هەرێمی كوردستان بەشدارن. بەرپرسێكی بازرگانی كوردستانیش بڕی گشتی وەبەرهێنان لە كوردستان بە ١٠٠ ملیار دۆلار هەژمار دەكات.
دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسەكە، باسی لە پرسی وەبەرهێنان لە كوردستانی كرد و وتی، لە ٢٠٠٦ەوە یاسای وەبەرهێنان لە كوردستان كاری پێ دەكرێت و ئاسانكاری زۆری تێدایە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و یەكێك لەو ئاسانكارییانەش ئەوەیە لە گواستنەوەی سەرمایە سنوور دیاری نەكراوە و مافی موڵكداریش دەستەبەر كراوە.
ئەو وتی، ٧٥٠ پڕۆژەی جیاواز مۆڵەتی وەبەرهێنانیان پێ دراوە و سەرووی ٤٤ ملیار دۆلار وەبەرهێنان هەبووە، ئەگەر وەبەرهێنانی نەوت و سەرجەم كەرتەكانی تر بخرێتە سەر بڕی گشتی وەبەرهێنان، ئەوا دەگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار.
بەوتەی دارا جەلیل خەیات ٣٠ كۆمپانیای سەرەكی لە كەرتی نەوت و گاز و ١٩٠ كۆمپانیای تر وەك یارمەتیدەر و خزمەتگوزاری كار دەكەن. ئەو باسی لەوە كرد كە كوردستان زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار وەبەرهێنانی تێدا بكرێت و كۆمپانیاكانی هان دا روو لە كوردستان بكەن.
هەروەك سەرۆكی یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكان ئاماژەی پێ كرد، خەریكە كاریگەرییەكانی تەنگژەی دارایی كە بەهۆی بڕینی بودجە و شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت توشی كوردستان بوو، نامێنێت و لە پێنج ساڵ تا حەوت ساڵی داهاتوو گۆڕانكاری گەورە لە بازاڕ و نرخی نەوت روو دەدات. ئەو داوای لە بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانی كرد كە وەبەرهێنان لە كوردستان بقۆزنەوە.