بۆ حەجی ئەمساڵ و قوربانیكردنی حاجیان، حكومەتی سعودیە زیاتر لە25 ملیۆن ئاژەڵی ئامادەكرد لەو ژمارەیەش 8 ملیۆن و 500 هەزار سەر ئاژەلی لە دەرەوە هاوردەكردوە.
حەمەد بەتیشان بریكاری وەزارەتی ژینگەو ئاو و سامانە ئاژەڵیەكانی سعودیە رایگەیاند: ووڵاتەكەیان بۆ دابینكردنی ئاژەڵی پێویست بۆ قوربانیكردن لە ناوخۆ و ئەو قوربانیانەی حاجیان لە بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجدا ئەنجامی دەدەن زیاتر لە25 ملیۆن سەرئاژەڵی ئامادەكردوەو لەو ژمارەیەش 8 ملیۆن و 500 هەزار سەر ئاژەلی لە دەرەوە هاوردەكردوە.
وتیشی: بەرهەمی ئاژەڵی ناوخۆ نزیكەی 16 ملیۆن و 900 هەزار سەرئاژەڵ بووەو لەوانەش 9 ملیۆنی مەڕو 5 ملیۆنیشی بزن و نزیكەی ملیۆنێك و 400 هەزاریشی ئاژەڵی گەورە بووە.
لەلایەكی دیكەوەو بەپێی راگەیەندراوی دەستەی ئاماری گشتی سعودیە، كۆی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ دوو ملیۆن و 352 هەزار و 122 حاجی بوە، كە یەك ملیۆن و 752 هەزاریان لەسەرانسەری جیهانەوە هاتون و 600 هەزار و 108 حاجیەكەی تریشی لە هاوڵاتیانی ناوخۆی سعودیە بوون.
دەستەكە ئاماژەی بەوەشكردوە: رەنگە داهاتی ئەمساڵی حاجیان بگاتە زیاتر لە 6 ملیار دۆلار بەو پێیەی ئەمساڵ ژمارەی هاتنی حاجیان زیاتربووە.