گەشتیارانى ڕۆژانى جەژن، 90 ملیۆن دۆلار لە کوردستان خەرج دەکەن

بەپشت بەستن بەژمارەکانى گەشتیاران لە جەژنى ڕەمەزان، دەستەى گەشتوگوزار ئاماژە بەوەدەکات چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایى ئەمساڵ 2ملیۆن گەشتیار بێنە هەرێمى کوردستان، پسپۆرانى کەرتى گەشتیارى وکۆمپانیا گەشتیارییەکان پێشبینی دەکەن جەژنی قوربانی ئەمساڵ زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار بێنە هەرێمى کوردستان.

بەپى ئامارەکانى دەستەى گەشتوگوزار لەجەژنی قوربانی ساڵی رابردوودا 213 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمى کوردستان.

لەو بارەیەوە مەولەوى جەبار سەرۆکى دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان،  ڕاگەیاند “هاتنى گەشتیار بۆ هەرێمى کوردستان لەزیادبووندایە، چاوڕیى دەکەین تا کۆتایى ساڵ 2 ملیۆن گەشتیار بێنە هەرێمى کوردستان”.

بە پشت بەستن بەژمارەى گەشتیار لە جەژنى قوربانى ڕابردوو کە 213 هەزار بووە، پێشبینى دەکرێت ژمارى هاتنى گەشتیاران بۆ جەژنى ئەمساڵ بۆ زیاتر لە 300 هەزار بەرزببێتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکانى دەستەى گەشت وگوزار بە تێکڕایی هەر گەشتیارێک لە ماوەی مانەوەی لە کوردستان 300 دۆلار خەرج دەکات، بەو پێیەش گەشتیارانى ئەمساڵ 90ملیۆن دۆلار لەهەرێمى کوردستان خەرج دەکەن.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاتر بووە، بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو ملیۆنێک و 603هەزار و400 گەشتیار هاتوونەتە باشووری کوردستان، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی باشووری کوردستان بکەن، لەو رێژەیەشدا 80%ـیان گەشتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقن.

لەو ملیۆن و 603 هەزار و 400 گەشتیارەی ساڵی ڕابردوو ڕوویان لە کوردستان کردبوو، 776 هەزار گەشتیاریان هاتووونەتە سنووری پارێزگای هەولێر، 729 هەزاریش چوونەتە سلێمانی و 88 هەزار چوونەتە دهۆک و 10 هەزاریش چوونەتە گەرمیان.

لە هەرێمی کوردستان 430 هۆتێل و 271 مۆتێل و 91 گوندی گەشتیاری هەن کە توانای پێشوازیکردنیان لە 61 هەزار گەشتیار هەیە، 768 رێستۆرانت و کافتریایی گەشتیارى هەیە.

عەبدوڵڵا ئەیوب، جێگرى بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بووکی دەریا بۆ گەشتوگوزار ڕایگەیاند: بەهۆى هێنانى گروپى گەشتیاریى رۆژ بەرۆژ کەرتى گەشتیاریى زیاتر دەبوژێتەوە، بەڕادەیەک لە هەفتەى رابردووەوە تا کۆتایى ئەم مانگە لە سنورى هەولێر لەگەڵ زیاتر لە 50هوتیل گریبەستمان کردووە بۆ ئەوەى گروپە گەشتیارییەکانیان بۆ بهێنین.