فڕۆكه‌خانه‌ى عه‌ربه‌ت ده‌كرێته‌ گه‌وره‌ترین فڕۆكه‌خانه‌ى كشتوكاڵى

به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى كشتوكاڵى عه‌ربه‌ت رایده‌گه‌یه‌نێت، پڕۆژه‌ى فراوانكردنى فڕگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى كشتوكاڵى عه‌ربه‌ت ده‌ستپێكردووه‌ و بڕیاره‌ گه‌وره‌ترین فڕۆكه‌خانه‌ى كشتوكاڵى له‌ هه‌موو عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا.
 
نه‌ورۆز عه‌بدولقادر، به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى كشتوكاڵى عه‌ربه‌ت ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ى ئه‌یلولى 2017 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، به‌ مه‌به‌ستى فراوانكردنى فڕگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى كشتوكاڵى عه‌ربه‌ت و هه‌روه‌ها كردنى به‌ گه‌وره‌ترین فڕۆكه‌خانه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، چه‌ند رۆژێكه‌ به‌سه‌رپه‌رشتى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارى فڕۆكه‌وانى عێراقییه‌وه‌ كاركردن له‌ پڕۆژه‌ى فراوانكردنى فڕۆكه‌خانه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.
 
وتیشى، به‌ ته‌واوكردنى فراوانكردنى فڕگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كه‌، ده‌بێته‌ یه‌كه‌م فڕۆكه‌خانه‌ له‌ بوارى قه‌ڵاچۆكردنى مێرووه‌ زیانبه‌خشه‌كان و هه‌روه‌ها راهێنانى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ خوازیارى فڕۆكه‌وانین، هاوكات دابینكردنى سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانى بوارى فڕۆكه‌وانى له‌ سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان و عێراق.
 
به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵى عه‌ربه‌ت ئاماژه‌شیدا، بودجه‌ى پڕۆژه‌كه‌ به‌شێوه‌ى جێبه‌جێكردنى  راسته‌وخۆ له‌سه‌ر بودجه‌ى په‌ره‌پێدانى پارێزگاكان و له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارى فڕۆكه‌وانى عێراقییه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت و هه‌ر كارێكیش پێویست بێت له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و بڕیاریشه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا كۆتایى پێبێت.