وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌: گرفتی‌ دواكه‌وتنی‌ موچه‌ چاره‌سه‌ركرا

وه‌زیری‌ دارایی‌‌و ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌یاوه‌ری‌ ستافێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ سه‌ردانی‌ قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵی‌ كردو له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی‌ قه‌زاكه‌دا كۆبۆیه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ دیوانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ هه‌رێمیش ڕایگه‌یاند، له‌ئێستا به‌دواوه‌ موچه‌ دواكه‌وتن نامێنێت‌و هه‌ر ئه‌مڕۆش هه‌موو ئه‌و فه‌رمانگه‌یان موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، موچه‌كانیان دابه‌شده‌كرێت.
(محه‌مه‌د ساڵح ڕه‌ئوف) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ دیوانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌نووسیدا ڕایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ به‌ئامانجی‌ شیكردنه‌وه‌ی‌ پلانه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ داراییه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ پارێزگاكاندا.
وتیشی‌:”له‌و له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس له‌چۆنێتی‌ خه‌رجكردنی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ (2013)ی‌ هه‌رێم‌و دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌موكورتیانه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ ڕابردوودا هه‌بووه‌”.
 
له‌باره‌ی‌ دواكه‌وتنی‌ موچه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ دیوانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌، بودجه‌ به‌سێ‌ قیست له‌به‌غداوه‌ ده‌گاته‌ هه‌رێم‌و هه‌ندێكجار دواده‌كه‌وێت، به‌ڵام وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌ هه‌رێم، توانیویه‌تی‌ ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر بكات، له‌ئێستا به‌دواوه‌ موچه‌ دواكه‌وتن نامێنێت‌و هه‌ر ئه‌مڕۆش، هه‌موو ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی‌ موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، موچه‌كه‌یان دابه‌شده‌كرێن. (محه‌مه‌د ساڵح ڕه‌ئوف) ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، له‌مانگی‌ داهاتوودا، موچه‌ی‌ هه‌ر سێ‌ وه‌زاره‌تی‌ (ته‌ندروستی‌، په‌روه‌رده‌و پێشمه‌رگه‌) پێش وه‌زاره‌ته‌كانی‌ دیكه‌ دابه‌شده‌كرێت.