تاقیگه‌یه‌كی‌ پێشكه‌وتوی‌ نه‌وت و كاڵاكان له‌مه‌رزی باشماخ دروستده‌كرێت


له‌مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ گرێبه‌ستێك بۆ دروستكردنی تاقیگه‌یه‌كی ناوه‌ندیی پێشكه‌وتوو واژۆكراوه‌ تایبه‌ت به‌پشكنینی‌ هه‌موو ئه‌و پێداویستی‌ و سوته‌مه‌نیانه‌ی‌ له‌و مه‌رزه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێن، به‌رپرسێكی‌ مه‌رزه‌كه‌ش چه‌ند زانیاریه‌ك له‌باره‌ی‌ گرنگی‌ ئه‌و تاقیگه‌یه‌و كاره‌كانی‌ ئاشكراده‌كات و ده‌ڵێت:”چاوه‌ڕوانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی‌”.

شاخه‌وان به‌كر به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ ڕاگه‌یاند، “به‌مه‌به‌ستی‌ دروستكردنی‌ تاقیگه‌یه‌كی‌ پشكنینی‌ سوته‌مه‌نی‌، ڕێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی‌ ناوخۆیی‌ واژۆكراوه‌و له‌ئێستاشدا بۆ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ و ئابوری‌ هه‌رێم نێردراوه‌ تاوه‌كو ڕه‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نیشانبدات”.

وتیشی‌: “هه‌ركاتێك وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ پڕۆژه‌كه‌ی‌ په‌سه‌ندكرد، ئه‌وكاته‌ كاری‌ تاقیگه‌كه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێده‌كات، واته‌ ئێستا ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی ده‌كه‌ین”.

به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، تاقیگه‌كه‌ كۆی‌ كه‌ره‌نتینه‌كان به‌كشتوكاڵی‌ و كوالێتی‌ كۆنترۆڵ، یه‌كه‌ی‌ پشكنینی‌ خۆراك،   ڤێته‌رنه‌ری‌ و پشكنینی‌ نه‌وت كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا ئیشی‌ خۆیان ده‌كه‌ن له‌و تاقیگه‌یه‌دا كۆده‌كرێته‌وه‌و پشكنینیان بۆده‌كرێت.