لەسلێمانی پاس بەشەوانیش کاردەکەن


لەشاری سلێمانی سیستمێکی نوێ بۆ گواستنەوەی ھاوڵاتیان جێبەجێدەکرێت و لەشەوانیشدا پاس لەھێڵەکانی ناوشاردا کاردەکات، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکاریش تایبەتمەندیەکانی ئەو سیستمە ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت، “سەرەتای ساڵی داھاتوو پاس بەشەوان لەسلێمانی کاردەکات”.

کوێی شار دەگرێتەوەو کاتی کارکردنیان کەیە؟
ھێژا سەلام بەڕێوەبەری کۆمپانیای (شا پڕۆدەکشن) ڕاگەیاند، “ئێستا سەرقاڵی نوسینەوەی گرێبەستین لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی ھەرێم و ھەروەھا دابینکردنی جۆری پاسەکانین، لەمانگی یەکی ساڵی ٢٠١٨یشدا پاسەکان بەشەوان دەکەونەکار”.

سەبارەت بەسنوری جوگرافی کارکردنی ئەو پاسانە، وتی:”ئەم سیستمە نوێیە ھەموو ھێڵەکانی شاری سلێمانی دەگرێتەوە بەگەڕەکە دورە دەستەکانیشەوە وەک گەڕەکەکانی ڕاپەڕین و بەکرەجۆ، کارکردنی پاسەکانیش لەکاتژمێر (٦:٣٠) ئێوارەوە دەستپێدەکات تا کاتژمێر ١٢ی شەو، ئەگەر خواستیشی لەسەربێت، کاتەکەی درێژدەکرێتەوە”.

تایبەتمەندییەکانی و نرخی ھەر سەرنشینێک
سەبارەت بەتایبەتمەندیەکانی ئەم سیستمە، ھێژا سەلام وتی:”پاسەکان بەگوێرەی ستانداری جیھانیەو ٤٠ سەرنشینیەو جیاوازە لەو پاسانەی کە ئێستا بۆ گواستنەوەی ھاوڵاتیان لەکوردستان بەکاردەھێنرێت، کۆمەڵێک تایبەتمەندی نوێی تێدایە لەوانە: (فێنککەرەو گەرمکەرەوە، کامێرای چاودێری، زەنگی ئاگادارکردنەوە)ی شۆفێر لەکاتی دابەزیندا”. 

وتیشی:”پاسەکان بەگوێرەی بونی سەرنشین کارناکەن، بەڵکو بەخشتەو کاتی دیاریکراو کاردەکەن، ھاوکات ڕەمپاو شوێن بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکانیشی تێدایەو نرخی ھەر سەرنشینێکیش ٥٠٠ دینارە بۆ گواستنەوەی”.

ڕاشیگەیاند، “کارتی ھەفتانەو مانگانە بەنرخی داشکێنراو دابیندەکرێت، کە ھاوڵاتیان دەتوانن لەمارکێت و دوکانەکان بیکڕن و چیتر پێویست نەکات پارەی کاش بەشۆفێرەکە بدەن”.

ئامادەی کارکردنن لەھەموو پارێزگاکان
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو سیستمە باسی لەوەشکرد، ھەرچەندە تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، گەراجیان بۆ دابین نەکردون، بەڵام لەھەوڵدان شوێنی تایبەت بەو پاسانە ھەبێت.

وتیشی:”ئەگەر ئاسانکارییمان بۆ بکرێت، ئامادەین لەپارێزگاکانی دیکەی ھەرێمیش ئەم سیستمە جێبەجێبکەین”.

 

SNN