سەرۆکی شارەوانی: ئەو گوندانەی دەکەونە ناو ماستەرپلانی سلێمانی تاپۆ دەکرێن

“ئەو خان‌و زه‌وییانە دەگرێتەوە کە فۆڕم‌و نەخشەی پەسەندکراوی شارەوانی سلێمانییان ھەیە”
سەرۆکی شارەوانی: ئەو گوندانەی دەکەونە ناو ماستەرپلانی سلێمانی تاپۆ دەکرێن

سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ تاپۆكردنی‌ ئه‌و زه‌وی‌ ئه‌و گوندانه‌ی‌ ده‌كه‌ونه‌ ماسته‌ر پلانی‌ سلێمانییه‌وه‌، هاوكات شارەوانی سلێمانی بۆ تاپۆکردنی خانوی سنوری گوندەکان داوای رێژەی ١٠%ی داھات دەکات.
 
یوسف یاسین سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بەكه‌ناڵی‌ کوردسات نیوزی راگەیاندووه‌، پێش دەرچونی رێنمایی تایبەت بەتاپۆکردنی خانوی سنوری گوندەکان، ئامادەکاریی تەواویان کردووەو نزیکەی (٢٣ بۆ ٢٤) ھەزار فۆڕم بۆ خانوی ئەو گوندانە ئامادەکراوە کە دەکەونە ناو ماستەر پلانی سلێمانییەوەو ژمارەیان زیاتر لە ٢٠ گوند دەبێت‌و لەئێستاشدا نزیکەی ٨٠%ی کارەکان تەواوکراون‌.
 
وتیشی‌، ئەگەر لەکۆتایی ئەمساڵیشەوە دەست بەتاپۆکردن بکرێت، نزیکەی ٣ ساڵ دەخایەنێت، چونکە رێوشوێن‌و کاروباری ئیداری زۆری پێویستە.
 
یوسف یاسین رونیكردۆته‌وه‌ كه‌ رێنماییەکە تەنھا ئەو خانوانە دەگرێتەوە کە فۆڕم‌و نەخشەی پەسەندکراوی شارەوانی سلێمانییان ھەیەو ئەو خانوانە ناگرێتەوە کە بەزیادەڕەوی دروستکراون‌.
 
ئه‌وه‌شی‌ وت، لەقۆناغی یەکەمدا ئەو خانوانە تاپۆ دەکرێن کە ئامادەکارییان بۆ کراوەو زۆربەی کارەکان‌و خزمەتگوزارییەکانیان تەواوکراوە، وەک گوندەکانی (ئاوبارەو قڕگەی کۆن‌و کەنەسورەو کانی گۆمە) ئەوانی تریش لەقۆناغەکانی داھاتودا کاریان بۆ دەکرێت.
 
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی شارەوانی لیژنەیەک بۆ تاپۆکردنی ئەو خانوانە پێکبھێنرێت، لەئێستاشدا چاوەڕوانی ئەو لیژنەیە دەکەن بۆئەوەی لەگەڵ شارەوانییەکاندا کۆببێتەوە.
 
سەرۆکی شارەوانی راشیگەیاند، داوایانکردووە رێژەی ١٠%ی داھاتی تاپۆکردنی ئەو خانوانە بدرێت بەشارەوانی سلێمانی بۆئەوەی بتوانن کارەکانی تاپۆکردنەکە بەباشی جێبەجێ بکەن.