باخان كامیل ئەو كچەی دوای بڕینی قۆناغەكانی خوێندن بە سەركەوتویی و بە دەستهێنانی بڕوانامەی ئەندازیاری كشتوكاڵی و دوایی ماوەیەکی دوور و درێژ لە چاوەڕوانی دامەزراندن لە ئێستادا خاوەن پێشەیە و دور لە پسپۆڕییەكەی خۆی لەسەر ڕێگای سەرەكی دەربەندیخان دوكانێكی دروستكردنی نانی كوردی داناوە و سەرقاڵی دروستكردنی نانە.
باخان کامیل ڕایگەیاند ”ماوەی دوو ساڵە تەخەروجم کردوە، دوایی ئەوەی زۆر هەوڵمدا دابمەزرێم بەڵام دامەزراندن لەم کاتەدا مەحاڵە، لەبەر ئەوە بڕیارمدا چێتر چاوەڕوان نەبم و ببمە خاوەن پیشەی خۆم بۆیە ئەم نانەوخانەیەم کردوە”.
باخان وتیشی ”لەئێستادا دڵخۆشم بەوەی خاوەن پیشەی خۆمم و هەلی کارم بۆ کۆمەڵێک ئافرەت ڕەخساندوە، بەڵام بەداخەوە گەنج لە وڵاتی ئێمە ئیهمال کراوە ساڵانێکی زۆر دەخوێنێت و دوایی ئەبێت لەماڵەوە دابنیشێت”.
سەبارەت بەپیشەکەی دەڵێت ”ئیشێکی ئافرەتانەی گونجاوە بەڵام من چەندین ساڵ خوێندومە و ئەندازیاری بواری کشتوکاڵم کە ئەو بوارە دوورە لە پیشەکەمەوە و لەئێستادا هیچ سودی بۆم نیە”.
کارکردنی کچە ئەندازیارێک لەنانەوخانەیەکدا ئەو پەندەی خستە ژێر پرسیارەوە کەدەڵێت ”کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو”، باخان خۆی بەشیاوی ئەو کارە نازانێت و دەڵێت ”لەگەڵ بڕوانامە و پسپۆڕیەکەمدا ناگونجێت، بەڵام شانازی بەکارەکەمەوە دەکەم چونکە دەتوانم بژێوی ژیانی خێزانەکەمی پێ دابین بکەم و هەلی کاریشم بۆ ژمارەیەک ئافرەت ڕەخساندوە”.
وەک باخان خۆی دەڵێت: پیشەکەیان قورسە و لەبەیانی زوودا دەبێت خۆیان ۆ ئەو کارەکە ئامادە بکەن لەگەڵ ئەوەشدا بەڕووخۆشیەوە لەگەڵ کڕیاراندا مامۆڵە دەکات و دەڵێت ”چاوەڕوان بن و نانی گەرم ببنەوە”.
بیرۆکەی ئەم کارە دەگەرێتەوە بۆ ژنێک بەناوی رێزان حەمە عەلی کەپیشەکەی لەماڵانەوە هێنایە ناو بازاڕ و وەک خۆی دەڵێت ”شانازی دەکەم بەوەی کە لەئێستادا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لەدەربەندیخان ئەم کارە دەکەن و بژێوی ژیانیان بەڕەنج و ماندو بوونی خۆیان پەیدا دەکەن”.
ئەگەر ژنان لەتەواوی کایەکانی ژیان شانبەشانی پیاوان رۆڵیان هەبووە و توانیویانە خاوەن پیشەو دەستی کار بن بەڵام قەیرانی دارایی هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی ژنان زیاتر بێنە پێشەو و بەدەست و پەنجە و رەنج و ماندووبوونی خۆیان بژێوی ژیانیان دابین بکەن.