ھەرێم ملیارێک دۆلاری قەرز کرد.. خۆی بۆ دوای سەربەخۆیی کوردستان ئامادە دەکات


حکومەتی ھەرێمی کوردستان قەرز لە کڕیارێکی نەوتەکەی و چەند کۆمپانیایەکی گەورەی بازرگانی دەکات، بەمەبەستی یەکلایی کردنەوەی کێشە یاساییەکەی لەگەڵ کۆمپانیای دانەغاز و ھەروەھا خۆئامادەکردن بۆ دوای ریفراندۆم و سەربەخۆیی.

ئەمڕۆ 1ی ئەیلولی 2017، ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە: حكومەتی هەرێم بڕی ملیارێك دۆلاری لە كۆمپانیای رۆسنەفتی روسی قەرز كردوە، بۆئەوەی دۆسێ یاساییەكەی لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز یەكلایی بكاتەوە كە بەهاكەی زیاترە لە دوو ملیار دۆلار. هاوكات هەرێم دەیەوێت لەپێش ریفراندۆم دۆخی دارایی رێكبخاتەوە.

رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكەوە ئاماژە بەوە دەكات: حكومەتی هەرێم ویستی هەیە لەدوای پڕۆسەی ریفراندۆم كە بڕیارە رۆژی 25ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، سەرەنجی گەورە وەبەرهێنەرانی جیهان بە لای خۆیدا رابكێشێت و وەكو هەرێمێكی قەرزار و خاوەن كێشە دەرنەكەوێت.

ئەوەشی بڵاوكردۆتەوە: حكومەتی هەرێم دەیەوێت رێكەوتنەكانی لەگەڵ كڕیارانی نەوتەكەی و ژمارەیەك كۆمپانیای بازرگانیی بەسەرۆكایەتی كۆمپانیای (ترافیگۆرا)ی هۆڵەندی رێكبخاتەوەو خۆی بۆ دوای ریفراندۆم و سەربەخۆیی ئامادە بكات.

هاوكات بەرپرسانی كۆمپانیای ترافیگۆرا بە ئاژانسەكەی راگەیاندوە: “بەردەوام هاوكاریی دارایی حكومەتی هەرێم دەكەین”.