بۆگرنگی دانی زیاتر بە ڕەوشی ئابوری و بازرگانی و لەنزیکە بەئاگابون لە پەیوەندیە بازرگانەیەکان قونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر سەردانی سلێمانیکردوو لەگەڵ سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کۆبونەوە.
لەکۆبونەوەکەدا کە سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ئەندامانی ژوری بازرگانی تیایدا بەشداربون گفتوگۆکرا لەبارەی ڕەوشی ئێستای بازرگانی و ئەو پێداویستیانەی هەیە بۆ شاری سلێمانی.
وەفدی ئەڵمانی پێک هاتبوو لە هەریەک لە “ئولر یش” قونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر و ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا “ئێرن بێرگ” و لێپرسراوی نوسینگەی ئەندام پەرلەمان ، حۆشحاڵی خۆیان نیشاندا لەوەی کەلەئێستادا هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی بە قۆناغێکی نوێدا هەنگاو دەنێت و ڕایانگەیاند دەیانەوێت هاوکاربن بۆ بەرو پێشبردنی ڕەوشی ئابوری و بازرگانی لە شارەکەدا.
لای خۆشیەوە سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد ڕایگەیاند: کوردستان خۆشحاڵە بەوەی کەگرنگی پێبدرێت لەلایەن ووڵاتی ئەڵمانیاوە هەروەها وتی” پێویستە کارگە و کارخانەکانتان بهێننە کوردستان بۆ زیاتر بەرو پێشچونی کەرتی بازرگانی و دروسکردنی کەلو پەلی کوالێتی بەرز لەسەرجەم بوارە جیاجیاکاندا”
سەرۆکی ژوری بازرگانی ئاماژەی بەوەشدا 4 ناوچەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە شاری سلێمانیش ناوچەیەکی فراوانی بەردەکەوێت کەبڕی 45 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە داوایکرد کۆمپانیا ئەڵمانیەکان لەو ناوچە پیشەسازیەدا جێگەی خۆیان بكەنەوە.
سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی داوای لە وەفدەکەی ئەڵمانیاکرد کار ئاسانی بکەن بۆ بازرگانانی شاری سلێمانی کەبتوانن بەشداربن لە پێشانگا نێو دەوڵەتێکانی ئەڵمانیا تا بە سەرجەم کەرەستە ئەڵمانیەکان شارەزابن و ئەوانیش بەشداری بکەن لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکانی کوردستان بەتایبەت سلێمانی.
لای خۆشیانەوە وەفدی ئەڵمانی ڕایانگەیاند: کە بە هەموو هەوڵێکەوە کاردەکەن بۆ ئەو داواکاریانەی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تا بتوانن لەو ڕووەوە کارئاسانی بکرێت بۆ بەرەو پێشبردنی بازرگانی لە شاری سلێمانیدا.