بەپێی لێدوانی لایەنە بەرپرسەكان، سلێمانی زیاتر لە1400 ملیۆنەرو سەدان كۆمپانیاو ملیۆنەها دۆلاری تیا هەڵدەسوڕێ، كەچی ئاستی توانای داراییو داهاتی بانكەكان سلێمانیدا بەرز نین، لەكاتێكدا كە سلێمانی تا ئێستاش لقی هیچ بانكێكی بیانی تیا نەكراوەتەوە، بنكەی سەرەكی هیچ بانكێكی ئەهلیشی تیا نییە.
بەڕێوەبەری ئیدارەی بانكەكان لەسلێمانی “ئەحمەد حەسەن ساڵح” ئاماژە بەوە دەكات كە ناو شار 14 بانكی حكومیو ئەهلی تیایەو دەرەوەی شاریش 13 بانكی تیایە، ئەو بەگۆڤاری بازرگانیو پیشەسازی راگەیاند كە “هەموو ئەم بانكانە لقنو هیچ بانكێك نییە بنكە سەرەكییەكەی لەسلێمانی بێت، ئەمە جگە لەوەی بانكی بیانیشی تیا نییە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە بانكی رەشید لقی سلێمانیو بانكی رافدین لقی سەلامو بانكی كوردستان لەهەموو بانكەكانی تر گەورەترو كۆنترن كە هەردووكیان بانكی حكومین، هەرچەندە لەڕووی تەكنیكییەوە لەهەوڵی دامەزراندنی سیستەمێكی بانكی نوێو میكانیزمێكی ئیشكردنی نوێدان، بەڵام گەورەترین گرفت كە رووبەڕووی ئەم بانكە حكومییەكان دەبێتەوە ئەوەیە هێشتا بەپێی ئەو سزا نێودەوڵەتیو گەمارۆیانەی كە لەساڵانی رابردوودا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكرگرتووەكان بەسەر عێراقدا سەپاندووییەتی، مامەڵەی لەگەڵا دەكرێت، ئەو وتی “بەپێی ئەو سزایانە بانكە حكومییەكان پەیوەندیان لەگەڵا دنیای دەرەوەدا نیەو بانكەكانی جیهانو بیانییەكان مامەڵەی لەگەڵا ناكەن، لەكاتێكدا بایەخی بانكەكان لەهەموو دنیادا گەیاندنی وڵاتێكە بەدەرەوە لەڕووی داراییەوە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد تا كاتێك كە بانكەكان كرانەوەی هەرێم بەڕووی دەرەوە مسۆگەر نەكەن، ناتوانن رۆڵاو بایەخی راستەقینەی خۆیان ببینن، ئەو وتی “هەر بۆ نمونە بانكە ئەهلییەكان دەتوانن ئیشی حەواڵە بكەن، بەڵام بانكە حكومییەكان ناتوانن لەبەر ئەوەی لقیان نییە لەوڵاتانی دەرەوە، ئەمەش گرفتێكە بۆ سیستەمی بانكی”.
بەڕێوەبەری ئیدارەی بانكەكان جەغتی لەسەر ئەوەش كردەوە كە سەڕەرای ئەوەش تا ئەم ساتەوەختەش هێشتا خەڵك متمانەیان بەبانكە حكومییەكان زیاترە تا ئەهلیەكان، ئەو وتی “ئوزوە زەختی خۆی لەسەردەمی بەعسیشدا پارەی لەبانكی حكومیدا دانابوو، هەموو پارەكەی وەرگرتەوە بەسوودەكانیشیەوە، بەڵام بانكی ئەهلی كۆمپانیایەو ئەگەر قاچی زۆر لێڕاكێشا ئەوا دەكەوێتە رەوشێكی ناهەموارەوە”.
سەبارەت بەبەرزی رێەی سوودی بانكەكانیش ، ئاماژەی بەوە كرد كە بانك بەشوێنی سەرەكی وەرگرتنی پارەو وەبەرهێنانی ئەو پارەیەش دادەنرێت، كاتێك خەڵك پارە لەبانكدا دادەنێت رێژەیەك سوودی دەچێتەسەر، ئەگەر بانكیش هەڵینەسوڕێنیو نەیخاتە وەبەرهێنانەوە تووشی زیان دەبێت، كاتێكیش بەقەرز دەیدات بەخەڵكو بەڵێندەرو خاوەن كارو بازرگانەكان رێژەیەك سوود دەچێتە سەر. ئەو وتی “سەڕەرای ئەوەش هەندێك بانكی وەك خانووبەرەو پیشەسازیو كشتوكاڵی هەن بەبێ سوود قەرز دەدەن بەهاولاتیان”.
زۆرێك پێیانوایە كە لەو روانگەیەوەی بانكەكان بەبڕبڕەی پشتی ئابوری وڵاتێك دادەنرێن، ناكرێت لەپرۆسەی بازرگانیو چالاكی ئابوریدا بوونیان نەبێت، بەڵام بەڕێوەبەرانی بانكەكانو شارەزایانی بانكداری رایەكی دیكەیان هەیە.
بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی لەهەولێر ئەدهەم كەریم بەگۆڤاری بازرگانیو پیشەسازی راگەیاند كە ئەوە ئیشی بانك نییە بازرگانیو كڕینو فرۆشتن بكات، بەڵكو ئیشی سەرەكی بانك ئیشی پارەو كاشو پشتیوانی كردنە لەبازرگانەكان، ئەو وتی “بانك دەبێت قەرزو پارە بۆ بازرگانەكان بەرێژەیەك سوودی دیاریكراو بۆ دابین بكاو حەواڵەیان بۆ بكات، نەك ئەوەی خۆی لەبری ئەوان بازرگانیو كڕینو فرۆش بكات”.