زیاتر لە 80 هەزار گەشتیار هاتوونەتە پارێزگای سلێمانی


بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی بەوەکالەت رایدەگەیەنێت هاتنی گەشتیاران بۆ شارەکە بەبەراورد بەساڵی رابردوو زیادیان کردووەو دەڵێت تا دوێنێ 80 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سنوری پارێزگاکە.

ئاراس ئەحمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی بەوەكالەت  لەبارەی هاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ پارێزگای سلێمانی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوەراگەیاند، ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی كردووە، “تا ئێستا زیاتر 80 هەزار گەشتیار ڕوویانكردۆتە پارێزگای سلێمانی لە دوای جەژنیش ئامارەكان لە كۆنگرەیەكی ڕژنامەوانیدا ڕادەگەیەنین”.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە گەشتیاران بەشێوەیەکی گشتیی لەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوونەتە سلێمانی و بەشێكی دیكەشیان لەكوردستانی رۆژهەڵاتەوە هاتوون.

 لەبارەی هۆکاری زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانیشەوە، ئاراس ئەحمەد باسی لەوە کرد كەشوهەوا فێنك بووە و وەرزی خوێندن هێشتا دەستی پێنەكردوە، “ئەمانە هۆكار بون بۆ زیادبوونی هاتنی ڕێژەی گەشتیاران لە سلێمانی”.