هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان سەربارى دۆخى ناهەموارى ژیانیان پێشوازى لە رۆژانى جەژنى قوربان دەکەن، بەڵام داوا دەكەن لە جەژندا لایەنە سیاسییەكان كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان بهێنن و جەژن بكەنە وێستگەیەك بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان.
هاوڵاتیانی شاری هەولێر وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی قوربان، داوادەكەن لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان بهێنن و جەژن بكەنە وێستگەیەك بۆ وەلانانی بەرژەوەندییە تایبەتییەكان و دەستی ئاشتەوایی بۆ یەكتر درێژ بكەن، بۆ ئەوەی چیتر خەڵك لەناو ئەو قەیرانە دروستكراوانەدا نەژین كە بەسەریاندا سەپێنراوە.
هاوکات هاوشێوەی شارو شارۆچكەكانی تری هەرێمی كوردستان، هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بۆ پیرۆزبایی جەژن سەردانی خزم و كەسوكار و دراوسێكانیان كرد و لە پەیامەكانیشیاندا هیوا دەخوازن جەژن بێتە هۆی ئاشتەوایی و كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان و كۆتایی بێنن بەو قەیرانانەی هەرێمی كوردستان و جەژن ببێتە مایەی خۆشی بۆ گەلی كوردستان.