دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات كە كارئاسانی زۆر بۆ گەشتیاران دەكرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زۆر زیاتر بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 31ـی ئاب/ ئۆگستس، نادر رۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە “وشە”ـی ڕاگەیاند، ئامادەكارییەكان كراون بۆ جەژن و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی شارەكان، بەڕێوەبەرایەتیی شارۆكەكان بە هاوئاهەنگی پارێزگاكان و فەرمانگە و لایەنە پێوەندارەكان، لیژنەی پێشوازی و سەرپەرشتی و بەدواداچوون بۆ شوێنەكانی گەشتیاری دروست كراون.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، ئەمساڵ تا ئێستە لە بازگەكان كارئاسانی بۆ هاتنی گەشتیاران زۆر كراوە، ئەمەش وای كردووە رۆژانە لە پێنج تا هەشت هەزار گەشتیار بێنە هەرێمی كوردستان، هەروەها زۆربەی میوانخانەكان و شوێنەكانی گەشتیاری بەردەوام ژمارەیەكی زۆر گەشتیاری هەبووە كە جێی دڵخۆشییە.
رۆستی دەڵێت، ساڵی رابردوو لە جەژندا 213 هەزار گەشتیار لە ماوەی 10 رۆژ هاتنە هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵ ژمارەكە بەرز بێتەوە و لە جەژنی قوربانی پارساڵ زیاتر بێت، بۆیە زۆربەی ناوەندەكانی ئێمە كاری بەردەوام دەكەن.
هەرێمی كوردستان بەهۆی بوونی ناوچەیەكی زۆری گەشتیاری، ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار سەردانی دەكەن بە تایبەتی لە ڕۆژانی بۆنەكان، پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2020 ژمارەی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان زیاد ببێت بۆ پێنج ملیۆن گەشتیار لە ساڵێكدا.