سلێمانی: بەبۆنەی جەژنەوە گەشتكردن بۆ توركیا زیادیكردووە


تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت: بەبۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربانەوە، رۆژانە ژمارەی زۆر لە هاوڵاتیان گەشتی توركیا دەكەن. 

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین‌و جەژنەكانی رەمەزان‌و قورباندا، ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستانەوە روو لە توركیا دەكەن بۆ گەشتكردن‌و ئەمساڵیش بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیاران زیاتر بووە.

لەو بارەیەوە تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگەیاند: بەبۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربانەوە، ژمارەی گەشتیاران زیادیكردووە‌و لەنێو فرۆكەخانەی سلێمانی رۆژانە قەرەباڵەخی زۆرمان لەسەرە.  وتیشی: رۆژانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە رێگەی هێڵە ئاسمانیەكانەوە گەشت بۆ توركیا دەكەن، ئەو گەشتیارانە بە تایبەت بۆ شارەكانی ئیستانبوڵ و ئانتاڵیا دەچن و لەوێشەوە دەچنە شارە گەشتیارییەكانی دیكەی توركیا.

بەرپرسانی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیش دەڵێن: زۆربەی زۆری گەشتەكانیان لە پێش مانگێكەوە گیراون‌و هاوڵاتیان بلیتی گەشتكردنیان بڕیوە.

لە فڕۆكەخانەی سلێمانیەوە هەفتانە 80 بۆ 100 گەشتی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت‌و لەو ژمارەیەش لانی كەم رۆژانە 3 گەشتیان بۆ توركیایە كە چوار هێڵی ئاسمانی توركی و عێراقی ئەنجامی دەدەن.