ماسته‌رپلانێکی نوێ بۆ سه‌یرانگای ئه‌حمه‌د ئاوا جێبه‌جێ ده‌کرێت


وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئاشکرای کرد، که‌ ماسته‌رپلانێکی نوێیان بۆ سه‌یرانگای ئه‌حمه‌د ئاوا و سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵم داناوه‌ و له‌ دوای پشووه‌کانی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ ده‌ست به‌ جێبه‌جێکردنی ده‌که‌ن.

ئه‌مڕۆ نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حکومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی سه‌یرانگای ئه‌حمه‌د ئاوا و سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵمی کرد له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و جێبه‌جێکردنی ماسته‌رپلانێکی نوێی بۆ سه‌یرانگاکه‌ ڕاگه‌یاند.

دوا به‌دوای به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی سه‌یرانگاکه‌ و گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدراه‌کان، نه‌ورۆز مه‌ولود، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌وه‌ی باسکرد: به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستکردن به‌ جێبه‌جێکردنی ماسته‌رپلانێکی نوێ بۆ سه‌یرانگای ئه‌حمه‌د ئاوا و سه‌چاوه‌ی زڵم به‌ گرنگمانزانی که‌ له‌ نزیکه‌وه‌ سه‌ردانی ناوچه‌که‌ بکه‌ین، چونکه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ یه‌کێک له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌ گرنگه‌کانی هه‌رێمی کوردستان هه‌ژمار ده‌کرێت.
 
ئه‌وه‌شی وت: دڵنیاین که‌ به‌ربه‌ست و کێشه‌ دێته‌ ڕێمان بۆ جێبه‌جێکردنی ماسته‌رپلانه‌ نوێیه‌که‌مان، چونکه‌ هه‌ندێک شوێن هه‌ن ده‌بێت بڕوخێنرێن و لاببرێن، خاوه‌نه‌که‌شیان به‌وه‌ ڕازی نابێت بۆیه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ گفتوگۆمان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌موو لایه‌ک بتوانین زیاتر خزمه‌ت به‌م ناوچه‌یه‌ بکه‌ین.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئه‌وه‌شی وت: به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌م ساڵ و ساڵی ڕابردوشدا هاتنی گه‌شتیاران زۆر زیادی کردووه‌، پلانمان داناوه‌ که‌ به‌ داهاتی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌کان چه‌ند پرۆژه‌یه‌ک جێبه‌جێ بکه‌ین له‌ سه‌یرانگا و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا.