كورد ده‌توانێت دراو بۆ خۆی‌ چاپ بكات

مامۆستایه‌كی‌ زانكۆ‌و شاره‌زایه‌كی‌ سیاسی‌ ڕایگه‌یاند، له‌كاتێكدا عێراق دابه‌شببێت، كورد ده‌توانێت دراو بۆ خۆی‌ چاپ بكات، چونكه‌ كوردستان وڵاتێكی‌ نه‌وتییه‌.
(د. كامه‌ران به‌رواری‌) مامۆستای‌ زانكۆ‌و شاره‌زای‌ سیاسی‌ به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، ئه‌گه‌ر عێراق به‌هۆی‌ ته‌نگژه‌كانی‌ ئێستایه‌وه‌ دابه‌ش ببێت‌و هه‌رێمی‌ كوردستان جیاببێته‌وه‌، به‌هۆی‌ داهاتی‌ حكومه‌ت‌و حزبه‌كانییه‌وه‌ ده‌توانێت له‌بانكی‌ سویسرا ڕێژه‌یه‌كی‌ پێویست له‌زێڕ بكاته‌ بارمته‌‌و دراو بۆ حكومه‌تی‌ كوردستان چاپ بكات.
كامه‌ران به‌رواری‌ وتی‌:”له‌دابه‌شبونی‌ عێراقدا ده‌كرێت ئه‌و وڵاته‌ نوێیانه‌ دراوی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان چاپ بكه‌ن‌و ده‌شتوانن به‌هه‌مان دراوی‌ ئێستا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، وه‌ك چۆن (كه‌نه‌دا، ئه‌مریكا‌و ئه‌ماره‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان) یه‌ك جۆر دراویان هه‌یه‌، به‌و جۆره‌ بمێننه‌وه‌”.
باسی‌ له‌وه‌شكرد، له‌ڕابردوودا كورد دراوی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ بۆ هه‌ر ئه‌ماره‌تێك هه‌بووه‌، ده‌توانێت به‌و جۆره‌ دراو چاپ بكات‌و هیچ كێشه‌یه‌كی‌ یاساییش بۆ ئه‌و حكومه‌ته‌ دروست نابێت.
كامه‌ران به‌رواری‌ مامۆستای‌ زانكۆ‌و شاره‌زای‌ سیاسی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، بۆ دروستكردنی‌ گرنتی‌ دراویش، ده‌كرێت سه‌رجه‌م داهاتی‌ حزبه‌كان‌و حكومه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ بكرێته‌ زێڕی‌ داندراو هه‌تا به‌ها‌و هێزێكی‌ دراوی‌ بۆ دراوه‌ نوێكه‌‌و حكومه‌ته‌كه‌شی‌ دروست ببێت، كوردستانیش وڵاتێكی‌ نه‌وتییه‌ له‌ئێستادا، بۆیه‌ هێزێكی‌ دارایی‌ به‌هێزی‌ ده‌بێت.