له‌مه‌ودوا به‌میکانیزمێکی‌ نوێ سوتەمەنی‌ بۆ سلێمانی‌ هاورده‌ ده‌كرێت


به‌پێی‌ ڕێككه‌وتنێكی‌ نوێی‌ نێوان به‌رێوه‌به‌ری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ نه‌وت‌و كانزاكانی‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران، له‌مه‌ودوا به‌میکانیزمێکی‌ نوێ سوتەمەنی‌ بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌ هاورده‌ ده‌كرێت.
 
هه‌ریه‌ك له‌به‌رێوه‌به‌ری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ نه‌وت‌و كانزاكانی‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران كۆبونه‌وه‌و له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتون.
 
به‌پێی‌ خاڵێكی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بڕیاردراوه‌ له‌مه‌ودوا به‌میکانیزمێکی‌ نوێ سوتەمەنی‌ هاورده‌ بكرێت‌و له‌مه‌ودوا دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆیان رێگری بکەن لەناردنی سوته‌مه‌نی‌ کوالێتی نزم بۆ هه‌رێمی کوردستان.
 
پێشتر غالب محه‌مه‌د، سەرۆکی‌ لیژنەی‌ سوتەمەنی‌ لەئەنجومەنی‌ پارێزگای سلێمانی‌ كه‌ ڕایگەیاندبو كه‌ ڕێگەی پێ نه‌دراوه‌ لێکۆڵینەوە لە ١٦ تەنکەر بەنزینی‌ کوالیتی‌ خراپ بکات،.
 
به‌ڵام شاخه‌وان ئه‌بوبه‌كر به‌رێوه‌به‌ری‌ مه‌رزی‌ باشماخ ده‌ڵێت، پشكنینی‌ سوته‌مه‌نی‌ كاری‌ ئه‌وو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی‌ نییه، ئه‌وان ته‌نیا ده‌توانن چاودێری‌ بكه‌ن‌و ڕاپۆرت به‌رزبكه‌نه‌وه‌.
 
پاش كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مِرۆ بڕیاره‌ له‌ماوه‌ی‌ دو ڕۆژی‌ داهاتودا چه‌ند كۆمپانیایه‌ك رێژه‌یه‌كی‌ زۆری‌ به‌نزینی‌ كوالێتی‌ باش هاورده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌ن‌و نرخه‌كه‌ی‌ هەرزانتربێ لەوەی ئێستا هەیە کە نرخی هەر لیترێک گەیشتۆتە ٦٥٠ تا ٦٧٥ دینار.
 
به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ، له‌ماوه‌ی‌ هه‌شت مانگی‌ ڕابردودا ٢٠٠ ته‌نكه‌ری‌ سوته‌مه‌نی‌ کە بەهۆی نزمی کوالێتییەکانیانەوە له‌ژێر پشكنیندا ده‌رنه‌چون، گەڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئێران.