لەسلێمانی پشتگیری به‌رهه‌می ناوخۆیی ده‌كرێت


بەمەبەستی پشتگیری کردنی بەرھەمی ناوخۆ لە سەوزە و میوە، عمولەی جوتیاران وەرناگیرێت و جێگری بەرێوبەری کشتوکاڵی سلێمانیش رایدەگەیەنێت بۆ ھاوسەنگی بەرھەمی ناوخۆ رێگە بە ھاوردە کردنی ئەو بەروبومانە نادرێت کە وەرزی پێگەشتنیانە.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە دیوانی قائیمقامییەت لەگەڵ لیژنەی ھاوسەنگی سەوزە و میوە، کە پێک ھاتوون لە نوێنەرانی ئاسایشی ئابووری، بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و چاودێری بازرگانی لە پارێزگای سلێمانی کۆبوەوەو پاش کۆبونەوەکە رزگار حەمە خدر جێگری بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی وتی: بەمەبەستی پشتگیری کردنی بەرھەمی ناوخۆ لە سەوزە و میوە، بڕیاردراوە عمولەی بەرھەمی ناوخۆ لەسەر جوتیاران لاببرێت و لێیان وەرنەگیرێت، بریارەکەش راستەوخۆ دوای جەژنی قوربانی پیرۆز جێبەجێ دەکرێت.

رزگار خدر وتیشی: بەرھەمی ناوخۆی سەوزە لەنێوان مانگەکانی 6/15 بۆ 9/15 بەشی پرکردنەوەی پێداویستی و خواستی ھاوڵاتیان دابین دەکات و بەشێکیشی ھەناردەی ناوەراست و خواروی عێراق دەکرێت، بۆیە ھەر نوسینگەیەک لە عەلوەی شاری سلێمانی سەوزە ھاوردە بکات، نوسینگەکەی پێ دادەخرێت و خاوەنەکەشی رووبەرووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.

ئاماژەی بە ئەوە کرد کە،  فرۆشتنی سەوزە بە ئاوی قورس قەدەغەکراوە و ھەر دوکان یان نوسینگەیەکی عەلوە کرین و فرۆشتنی پێوە بکات شوێنەکەی دادەخرێت و خاوەنەکەی رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.